Skip to the content
Menu

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ شاندێكی بزاڤی دیموكراتیی ئاشوور كرد

ئه‌مڕۆ سیشەممە 2019/7/2، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی فرید یعقوب ئیلیا، ئه‌ندامى په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی رافیده‌ین، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ شاندێكی بزاڤی دیموكراتیی ئاشوور به‌سه‌رۆكایه‌تیی یعقوب گۆرگیس، جێگری سكرتێری بزاڤه‌كه‌و یاوه‌ریى به‌رپرسانی ئۆرگانه‌ جیاوازه‌كانى بزاڤه‌كه‌ كرد.
له‌ دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، ته‌ئكیدی له‌سه‌ر سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پاراستنی مافی نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "كریستییانه‌كان پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌نی ئه‌م وڵاته‌ن و شه‌ریكمانن، پاراستنی مافه‌كانیشیان وه‌ك یه‌كێك له‌بنه‌ماكانی دیموكراسی سه‌یر ده‌كه‌ین و به‌ئه‌ركى خۆشمانى ده‌زانین و گومانیشی تێدانییه‌ كه‌ مافى سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ره‌شنووسی ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستاندا له‌به‌ر چاو گیراوه‌".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان و له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستاندا پێكهاته‌كان رۆلی گرنگیان پێده‌درێت و به‌شدارییه‌كی سه‌ره‌كییان ده‌بێت.


شاندی میوان وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ى، ستایشی سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كرد له‌ ره‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ له‌نێوان نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و رایانگه‌یاند: "ئه‌وان چاره‌نووسیان به‌چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌نده‌و شانازی به‌و ته‌باییه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد هه‌یانه‌".