راپۆرتی هاوبه‌ش له‌سه‌ر پێشنیازی هه‌موارى یاسای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانى هه‌رێم ئاماده ده‌كرێت
بەمەبەستی نوسینەوەی ڕاپۆرتی هاوبەش سه‌باره‌ت به‌پێشنیازی هەمواری یاسای ژمارە ۳‌ی ساڵی ۲۰۰۹ی هەرێمی کورستان-عێراق، کە تایبەتە بەئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و لەدانیشتنی ئاسایی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، سەعات ۱۲‌ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٦ی تەمووزی ۲۰۱۹، هەردوو لیژنەی كاروبارى یاسایی و لیژنەی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ‌و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان بە سه‌رپه‌رشتیی بژار كۆچه‌ر، سەرۆکى لیژنه‌ی كاروبارى یاسایى و عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ‌و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان و ئاماده‌بوونی جێگر و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی هەردوو لیژنەکە کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوە هاوبەشەکەدا کە لەهۆڵی لیژنەی كاروبارى یاسایی لە پەرلەمانی کورستان بەڕێوەچوو، تاووتوێی پێشنیازی هەمواری یاسای ژمارە ۳‌ی ساڵی ۲۰۰۹ ی هەرێمی کوردستان - عێراق، کرا بەمەبەستی نوسینەوەی ڕاپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەو ئاراستەکردنی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کورستان کەبڕیاروایە سبەی یەکشەممە ۷ی تەمووزی ۲۰۱۹ لەدانیشتنی ئاساییی پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی کورستانه‌وه گفتوگۆى له‌سه‌ر بکرێت.