Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق و كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌رێمی كوردستان كرد

كات 3ی پاشنێوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ی ته‌مووزی 2019، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی منی نبی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ ماسیۆ توله‌ر باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عێراق و ستیڤن فیگن كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ریان كرد.
له‌ دیدارێكدا ماسیو توله‌ر باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عێراق وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌م سه‌ردانه‌، پیرۆزبایی له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی و خۆشحاڵیی خۆشی ده‌ربڕی به‌بوونی ئافره‌تێك له‌و پۆسته‌ باڵایه‌دا و به‌نیشانه‌ی یه‌كسانیى جێنده‌رى و دیموكراسیى زانی و هیوای خواست كه‌ رۆلی ئافره‌تان له‌نێو كایه‌كانی حكومڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا په‌ره‌ی زیاتری پێبدرێت.
لای خۆیه‌وه‌ د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێرای به‌خێرهێنانی باڵیۆز و كونسوڵی گشتیى ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان، رۆلی ئه‌مریكاى له‌پاراستنی هه‌رێمی كوردستان و دابینكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ سالی 1992 و رووخاندنی رژێمی سه‌دام و هاوكاری و پیشتیوانییه‌كانیان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش به‌رزنرخاندو هیوای خواست ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌وڵه‌كانى خۆى بخاته‌گه‌ڕ بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عێراق، به‌تایبه‌تی مادده‌ی 140 ى ده‌ستوور تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بۆئه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌و گرفتانه‌ی كه‌ له‌ عێراق ماون له‌رێگه‌ی ده‌ستووروه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كورته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌پێكهاته‌و رۆل و ئه‌ركى په‌رله‌مان و بوونی نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ی جیاواز و بوونی ئۆپۆزسیۆن له‌ناو په‌رله‌مانى كوردستان كرد، هه‌روه‌ها باسی له‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و تیشكی خسته‌سه‌ر بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ رێكخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كرد، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی چاكسازی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان پاڵپشت و هاوكار ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كاری له‌پێشینه‌مان ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی گشتگیر ده‌بێت له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ چاوه‌رێى پڕۆژه‌یاساكه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئاراسته‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت".
له‌به‌شیكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا منی نبی سكرتێری په‌رله‌مان باسی له‌رۆل و به‌ركه‌وته‌كانی پێكهاته‌كان له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان كردو رۆلی ئافره‌تانى له‌ كایه‌كانی حكومڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رزنرخاند.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا ماسیۆ توله‌ر باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق و ستیڤن فیگن كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌رێمی كوردستان جه‌ختییان له‌سه‌ر پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌و رایانگه‌یاند: "ئه‌مریكا په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر به‌هێزی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌و ستایشی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كه‌ین بۆ له‌باوه‌شگرتنی ئاواره‌كانی سوریاو عێراق و ئه‌مریكاو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌زانیت هاتنی ئاواره‌یه‌كی زۆر بۆ هه‌رێمی كوردستان قورساییه‌كی زۆری بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه‌".
هه‌روه‌ها خۆشحاڵیی خۆشیان به‌كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی به‌تایبه‌ت كه‌ باس له‌ ئه‌نجامدانی چاكسازی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی زیاتر به‌ هاووڵاتییان ده‌كات.