Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ شاندێكی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ی ته‌مووزی2019 د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستیی په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ د.ئه‌حمه‌د ئه‌لمونزرى به‌رێوه‌به‌ری ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی له‌ رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی و د.ئه‌دهه‌م ئیسماعیل به‌رپرسی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی له‌ عێراق كرد.

له‌دیداریكدا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای به‌خێرهینانیان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، باسى له‌ ره‌وشى ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان كردو ئاماژه‌ی به‌هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مان له‌ رووی ده‌ركردن و هه‌مواركردنه‌وه‌ى ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌و كه‌رته‌وه‌ هه‌یه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ باشتركردنى ژێرخانى كه‌رتى ته‌ندروستى و رێكخستنه‌وه‌ی و دانانی سیسته‌مێكی گونجاوو شایسته‌و مۆدێرن بۆ خزمه‌تكردنی باشترى خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌و بواره‌دا، هه‌روه‌ها دابینكردنی بیمه‌ی ته‌ندروستی بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوای له‌ رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی كرد هاوكارو هه‌ماهه‌نگ بن له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ته‌ندروستیی په‌رله‌مانی كوردستان.
لای خۆیانه‌وه‌ شاندی میوان ئاماده‌یی خۆیان نیشاندا هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ته‌ندروستیی په‌رله‌مانیش هاوكارو هه‌ماهه‌نگ ده‌بن بۆ هه‌ر كارێك كه‌ پێویست بێت.