سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له شاندێكی باڵای كۆماری كۆریای باشوور ده‌كات
له‌دیدارێكی نێوان سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و شاندێكی باڵای كۆمارى كۆریای باشوور، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولاو دواین پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسیی ئه‌مڕۆى هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 3/7/2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له نوسینگه‌ى تایبه‌تیى خۆی له ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیی له شاندێكى باڵای كۆمارى كۆریای باشوور كرد به‌سه‌رۆكایه‌تیی هان بیۆنگ، راوێژكارى سه‌رۆككۆمار و دوو ئه‌ندامى په‌رله‌مانى ئه‌و وڵاته له ده‌سه‌ڵات و له ئۆپۆزسیۆن، كه به‌یاوه‌ریى چۆى كوانژین، كونسوڵی گشتیى كۆریای باشوور له هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كردبوو.
له‌دیدارێكدا هان بیۆنگ، راوێژكارى سه‌رۆككۆمارى كۆمارى كۆریای باشوور، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان و پیرۆزباییكردن له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له پۆسته‌كه‌ى، سڵاوورێزی سه‌رۆككۆمارى كۆریای باشوورى گه‌یانده سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆریای باشوور كرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "هیوادارین په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان زیاتر به‌ره‌وپێش بچێت به‌تایبه‌ت له‌بوارى ئابووری و بازرگانییه‌وه".
گووتیشی: "خه‌ڵكی كۆریای باشوور له رێگه‌ی كتێبخانه‌ی زه‌یتون كه له‌شاری هه‌ولێره زانیارییه‌كی باشیان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان په‌یدا كردووه‌و هاتنیشمان بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌ردوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵات و ئوپۆزسیۆن له خۆشه‌ویستیمانه بۆ خه‌ڵكی كوردستان و قاره‌مانییه‌تیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رامبه‌ر تیرۆریستانی داعش كه توانییان پارێزگاریان له خاكی كوردستان و مرۆڤایه‌تی بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌قامگیری و ئارامییه‌ی كوردستان وایكردووه به‌شێك له كۆمپانیاكانی كۆریای باشوور له هه‌رێمی كوردستان دوای شه‌ڕی داعش بمینێنهوهو كاری بارزگانیی خۆیان بكه‌ن به‌جۆرێك كه‌خزمه‌ت به‌هه‌ردوولا بگه‌یه‌نێت و له‌ئێستاشدا كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای دیكه‌ى كۆریای باشوور ده‌خوازن بێنه كوردستان و كاری وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام بده‌ن".
لای خۆیه‌وه،د.ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی باڵای كۆریای باشوور بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆمارى كۆریای باشوور كرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "دهخوزاین په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌نێوان په‌رله‌مانى كوردستان و په‌رله‌مانی كۆمارى كۆریای باشووردا هه‌بێت و كۆریای باشوور به دۆستێكی نزیك و هاوپه‌یمانی خۆمان ده‌زانین"، هه‌روه‌ها داواى له شاندی باڵای كۆماری كۆریای باشوور كرد هانی كۆمپانیاكانی ولاته‌كه‌یان بده‌ن بۆ راكێشانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانى كارى وه‌به‌رهێنان و رایگه‌یاند: "بۆ گرتنه‌به‌رى هه‌ر رێكارێكی یاسایی كه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌یدا بێت بۆ ئاسانكاریكردن له بوارى وه‌به‌رهێناندا په‌رله‌مانى كوردستان درێغى ناكات، چ به ده‌ركردنى یاسا بێت یاخود هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكانی پێشوو بێت له‌و بواره‌دا".
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، كورته‌یه‌كى سه‌باره‌ت بهپێكهاتهو رۆل و ئه‌ركى په‌رله‌مان و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كان له هه‌رێمی كوردستان باس كرد‌و ئاماژه‌ی به‌بوونی چه‌ندین نه‌ته‌وه و پێًكهاتهى جیاواز و ئۆپۆزسیۆن له‌ناو په‌رله‌مانى كوردستان كرد، هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌سه‌ر بارودۆخی سیاسیى ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاند: "چاوه‌ڕی ده‌كه‌ین له ئاینده‌یه‌كی زۆر نزیكدا پێكهاته وه‌زارییه‌كه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م بگاته به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ متمانه‌پێدانیان و له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش، په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ست به‌ئه‌نجامدانى چاكسازییه‌كی گشتگیر له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا ده‌كات به‌تایبه‌ت سێكته‌رى كارگێڕی و ئابوورى".