Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردە لەھەوڵی كه‌مكردنه‌وه‌ى كرێى خوێندنه‌ بۆ قوتابیانی زانكۆو په‌یمانگه‌و قوتابخانه‌ تایبه‌ته‌كان

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 7/7/2019، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بەسەرپەرشتیی عبدالسلام دۆڵەمەڕی سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، چەند پرسێکی گرنگی تاووتوێ کرد و چەند بڕیارێکی دەرکرد.
سەرەتا کۆبوونەوەکە سەرۆکی لیژنە داوای لە ئەندامانی ئەو لیژنە لاوەکییە کرد کە بۆ مەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکان سه‌باره‌ت به‌ پرسیارو ئەنجامی تاقیکردنەوەکان پێکھێندرا بوو ڕاپۆرتی خۆیان بخەنەڕوو و ئەندامانی لیژنە لاوەکییەکەش لەڕاپۆرتێکدا دەرئەنجامی بەدواداچوون و سەردانەکانیان بۆ لای لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌و پرسه‌ خوێندەوەو بڕیاردرا کە بەنوسراوێک بەرزبکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە بکرێت بۆ لێپیچینەوە لەو کەسانەی کە بوونە ھۆکاری ئەو ھەڵانەی کە لە تاقیکردنەوەکان ڕوویدا.
دواتر گفتوگۆ کرا لەسەر کێشە و گرفتەکانی بەردەم قوتابیان لە زانكۆو په‌یمانگه‌و قوتابخانه‌ تایبه‌ته‌كانی ھەرێمی کوردستان و دوای ڕاوێژو گفتوگۆیەکی ورد بڕیاردرا نوسراوێک ئاراستەی زانكۆو په‌یمانگه‌و قوتابخانه‌ تایبه‌ته‌كان بکرێت بۆئەوەی قوتابیانى ده‌رچووی پۆلی دوانزه‌ى ئاماده‌یى ساڵی یەکەم به‌بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌متر له‌ زانكۆو په‌یمانگه‌و قوتابخانه‌كانیان بخوێنن، ھەروەھا داوا لەوەزارەتی خوێندنی باڵا بکرێت کە کرێی خوێندنی پاڕالێل لە زانکۆ حکومییەکان کەم بکاتەوە.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەک درا بەمەبەستی ئاگاداربوون لەشێوازی ئیشوکارەکانی ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان لەزانکۆ و پەیمانگه‌کانی کوردستان و بەدواداچوون بۆ کێشە و کەموکوڕییەکانیان.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەو نوسراو و داواکاری و سکاڵایانە خوێندرانەوە کە ئاراستەی لیژنە کرابوون و کاری پێویستییان لەسەر کرا.