لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە سەردانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە دهكات
نیوهڕۆی ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٨/٧/٢٠١٩، شاندێكی لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بهكاربهر له پهرلهمانى كوردستان بەسەرۆکایەتیی د.شایان کاکە صالح جێگری سەرۆکی لیژنەو یاوەریی موسلم عبداللە و گەلاوێژ عوبێد ئەندمانی لیژنەكه سەردانی دەستەی پاراستن و چاکكردنی ژینگەى حكومهتی ههرێمی كوردستانیان کرد و لەلایەن د.ھەڵۆ عەسکەری سەرۆکی دەستەى پاراستن و چاکكردنی ژینگە پێشوازییان لێکرا.
له كۆبوونهوهكهدا ھەڵۆ عەسکەری سوپاسی ئەندامانی لیژنەكهی کردو ھیوای خواست لەماوەی کارکردنیان ھەماھەنگی و پەیوەندیی باشیان ھەبێت بۆ بەرەوپێشچوون و باشترکردنی دۆخى ژینگە لەھەرێمی کوردستان، ههروهها کێشەو کەموکوڕی و داواکارییەکانی دهستهكهى خستەڕوو لەڕووی باڵەخانەو کەمی بودجەی دیاریکراو و کۆمەڵێک کێشەی لاوەکیی تر.
لەلایەن خۆیانەوه شاندى پەرلەمان لە لیژنەی تەندروستی و ژینگه وێَڕای دەستخۆشیكردن لەههوڵ و کارە باشەکانی دهستهكه بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگهى ههرێمی كوردستان ھاوکات رەخنەو گلەییەکانیان خستەڕوو و ئاماژەیان بەوەدا کە پێویستە بەھەموو لایەک ھەوڵبدرێت ھۆشیاریی ژینگەیی بڵاوبکرێتەوەو خەڵک ئاشنا بکرێت بە گرنگیی پاک و خاوێنی ژینگە.
لەکۆتاییدا شاندی پەرلەمان بەڵێنی ھەموو جۆره ھاوکاری و ھەماھەنگییەکی دا بۆ باشترکردنی دۆخی ژینگە لەھەرێمی کوردستان و ئەگەر پێویست بکات ئەوا یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لەھەرێمی کوردستان ھەموار بکرێتەوە.