Skip to the content
Menu

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا ده‌كات

له‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای په‌رله‌مانى فه‌ره‌نسا، هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت له‌ پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی فه‌ڕه‌نسا ده‌كاته‌وه‌ و هاوكارى و پشتیوانییه‌كانی فه‌ره‌نسا بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رز ده‌نرخێنێت.
كات 10ى به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنچشه‌مه‌ 11ی ته‌موزی 2019، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئامادبوونی منی نبی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان و د.رێواز فایه‌ق ئه‌ندامى په‌رله‌مانی كوردستان و نوێنه‌رانی فراكسیۆنه‌كانى كریستیانه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیى كرد له‌ شاندێكی باڵای په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا به‌سه‌رۆكایه‌تیی گویندال رولارد كة هاوسه‌رۆکی گرووپی توێژینه‌وه‌یه له‌سه‌ر دۆخی که‌مه‌نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‎ و مایةر لیفور جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی نه‌ته‌وه‌یىی فه‌ره‌نسی و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا كرد.
له‌دیدارێكدا كه‌ برونو ئوبیرت، باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و جێگری كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یبوون، سه‌رۆكی شاندی په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا گویندال رولارد، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یانی بۆ هه‌رێمی كوردستان روونكرده‌وه‌و باسى له‌ دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و گه‌لی كورد و وڵاتی فه‌ره‌ِنسا كرد و رایگه‌یاند: "بۆ ئه‌وه‌ هاتووین دۆستایه‌تیی به‌هێزی خۆمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دووپات بكه‌ینه‌وه‌و ده‌خوازین له‌نزیكه‌وه‌ دۆخی ئێزدییه‌كان و كریستیانه‌كان ببین و ئاگاداری كێشه‌و گرفته‌كانیان بین".

گووتیشی: "ده‌زانین كاره‌سات و تراژیدیایه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر ئێزدییه‌كان هاتووه‌ و زه‌ره‌رو زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ به‌نیازن له‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا چه‌ندین پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر ئه‌نجام بده‌ن.
له‌ به‌رامبه‌ردا هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی باڵای په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، باسی له‌ په‌یوه‌ندیی له‌ مێژینه‌ی نێوان گه‌لى كورد و فه‌ره‌نسا كردو رۆلی سه‌رۆكی فه‌ره‌نساى له‌ هاوكاری و پشتیوانیكردن له‌ دۆزی ره‌وای گه‌لى كورد به‌رزنرخاند و جه‌ختى له‌سه‌ر پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا كرده‌وه‌.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌و سه‌ردانانه‌ى سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كرد كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی داوه‌ له‌كاتێكدا كه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ی كوردستان رووبه‌ڕووی تیرۆریستانی داعش ده‌بوونه‌وه‌ و هیوای خواست كه‌ سه‌ردانی سه‌رۆكی فه‌رنسا بۆ عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌كۆتایی ئه‌مساڵ ئه‌نجامى بدات سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیش بكات.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا،جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رباره‌ی پێكهاته‌كانی كوردستان و رۆل و پاراستنیان له‌هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند: " له‌كاتی هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر به‌شێكی زۆری خاكی عێراق و سوریا، خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌رانه‌ هه‌رێمی كوردستانیان هه‌ڵبژارد و كۆچیان كرد، چونكه‌ زانیان هه‌رێمی كوردستان په‌ناگه‌یه‌كی ئارامه‌و پارێزراو ده‌بن له‌هه‌موو مه‌ترسییه‌كانى كه‌ رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌م نموونه‌ جوانه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان كه‌ به‌ئاشتی و ته‌بایی نێوانیان له‌ هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوونی نییه‌. به‌لام به‌داخه‌وه‌ له‌كاتی هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی زۆر له‌ خوشك و برا ئێزدییه‌كان كه‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی هێرشه‌كان و جینۆسایدكران و په‌رله‌مانی كوردستانیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پڕۆژه‌ بڕیارێكی تایبه‌ت به‌ ئێزدییه‌كانى له‌به‌رده‌ست دایه‌ كه‌ له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆى په‌رله‌ماندا خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌می بۆ ده‌كرێت و هیوادارین له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا په‌سند بكرێت.