Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پێشنیازی هه‌مواری یاسای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم كرا

سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/7/7، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (11)ى ئاسایی خولی به‌هاره‌ له‌ ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، دواتر له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ بریتی بوو خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازی یاسای هه‌مواری ژماره‌ (3)ى ساڵی 2009 یاسای پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و خستنه‌ڕووی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (87 و 88 و 89) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.، هه‌روه‌ها كۆنووسی دانیشتنی پێشوو و ناوى ئه‌ندامانى ئاماده‌نه‌بوو و مۆڵه‌تپێدراو خوێندرایه‌وه‌.پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مان داواى له‌هه‌ردوو لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان كرد بێنه‌ شوێنی مه‌به‌ست بۆ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازی یاسای هه‌موارى یاسای ژماره‌ (3)ى ساڵی 2009 یاسای پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و خستنه‌ڕووی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسا پێشنیازكراوه‌كه‌.

به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كه‌، پێشنیازی هه‌مواره‌كه‌ له‌ ناوونیشان و 5 مادده‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندن پێكهاتووه‌و ماده‌ی یه‌كه‌می تایبه‌ته‌ به‌شێوازی هه‌ڵبژاردنی پارێزگارو ماده‌ی دووه‌میش تایبه‌تبوو به‌ماوه‌ی كاركردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و سێ ماده‌كه‌ی دیكه‌ش تایبه‌تبوون به‌حوكمه‌ كۆتاییه‌كان.
له‌دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا، ناوونیشان و ماده‌ و بڕگه‌كان له‌گه‌ڵ هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێشنیازی یاساكه‌ به‌جیا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو چه‌ندین تێبینی و پێشنیاز له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆك و چۆنیه‌تیی داڕشتنیانه‌وه‌ خرانه‌ڕوو و دواى ته‌واوبوونی گفتوگۆكان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان دواوى له‌ هه‌ردوو لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند كرد كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ى خۆیان ئه‌نجام بده‌ن و پێشنیاز و راو سه‌رنجى ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كۆبكه‌نه‌وه‌ و راپۆرتی كۆتایی خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی له‌دانیشتنی داهاتوودا ده‌نگییان له‌سه‌ر بدرێت، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستانی ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌سبه‌ی سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆ كۆبوونه‌وه‌ى ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیازی یاسایه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و به‌مجۆره‌ كۆتایى به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.