Skip to the content
Menu

داواى یاسایی به‌رامبه‌ر به‌ یاسای كارگێڕیى دارایی عێراقى ده‌جووڵێندرێت

به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى تیمێكى پارێزه‌ران و خۆئاماده‌كردنى بۆ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانی نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌عات 10ى به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 9/7/2019، لیژنه‌ى دارایی و كاروبارى ئابوورى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى د.رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌، له‌گه‌ڵ سه‌ردار سه‌باح برزۆ و سه‌فین فاروق، پارێزه‌رانی شاره‌زا كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌دا یاسای كارگێڕیى دارایی عێراقى (قانون الاداره‌ المالیه‌ العراقیه‌) گفتوگۆ له‌سه‌ر كرا كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ى پێشووی لیژنه‌كه‌دا دوو راوێژكارى یاسایی له‌ لیژنه‌كه‌ راسپێردرابوون بۆ ئاماده‌كردنى راپۆرتێك له‌وباره‌یه‌وه‌ و دوای تاووتوێكردنى لایه‌نه‌ ده‌ستوورى و یاساییه‌كانی یاساى ناوبراو بڕیاردرا پشت به‌ تیمێكى پارێزه‌ران كه‌ له‌سێ پارێًزه‌ر كه‌متر نه‌بێت ببه‌سترێت و بۆ جووڵاندنى داواى یاسایی به‌رامبه‌ر به‌ یاساى كارگێڕیى دارایی عێراقى له‌به‌رده‌م دادگاى فیدڕاڵى، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ داواى له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان كرد به‌زووترین ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر رێوشوێنه‌كانی گرێبه‌ست كردن له‌گه‌ڵ پارێزه‌ران بدات.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا بڕیاردرا دواى پێكهێنانى كابینه‌ی نوێی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان بایه‌خى زیاتر به‌م بابه‌ته‌ بدرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان كرا كه‌ به‌ئاماده‌بوونى لیژنه‌ى دارایی و كاروبارى ئابوورى له‌په‌رله‌مانى كوردستان هه‌ماهه‌نگیى هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بكاته‌ ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى لێكتێگه‌یشتن.