لیژنەی تەندروستی خەریکی ئامادەکردنی پێشنیازی یاسای مافی نەخۆش و ھێزکاری تەندروستییە
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢/٧/٢٠١٩، لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر له په‌رله‌مانى كوردستان بەسەرپه‌رشتیی د.شایان کاکە صالح جێگری سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه کۆبوونەوه‌ی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکانى لیژنه‌كه لەسەر پێشنیازی یاساى مافی نەخۆش و ھێزکاری تەندروستی بەردەوام بوو بەمەبەستی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت لەسەری بۆئەوەی پێشکەش بەسەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت و به‌پێی رێكاره یاساییه‌كان بخرێته به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆكردن و په‌سندكردنی.
ئامانج لەم پڕۆژەپێشنیازە یاساییە ڕێکخستنی کەرتی تەندروستییە لەھەرێمی کوردستان و دیاریکردنی ئەرک و مافی پزیشک و کارمەندی تەندروستی و دیاریکردنی مافەکانی نەخۆشه.
له به‌شێكی دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنەی دەرمان كه لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كیى پێكهاتووى لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستیى په‌رله‌مانى كوردستانه، باسی لەدەرئه‌نجامی ئەو کۆبوونەوەو دیدارانە کرد کە لیژنه‌كه‌یان لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان ئەنجامیانداوەو ئاماژەیان بەوەکرد کەزانیاریی وردیان کۆکردۆتەوەو لیژنەکەش بەردەوام دەبێت لە کارەکانی.
هه‌ر له کۆبوونەوەکەدا ئەو نوسراو و یاداشت و سکاڵایانەی ئاراستەی لیژنەكه کرابوون خوێندرانەوەو کاری پێویستییان لەسەر کراو ئەوانەشی پێویستییان بەوەڵامدانەوە ھەبوو وەڵام درانەوە و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کران.