Skip to the content
Menu

هه‌ردوو لیژنه‌ی شه‌هیدان جەخت لەهەماهەنگی و پێکەوەکارکردن ده‌كه‌نه‌وه‌

بەمەبەستی هەماهەنکی و تاووتوێکردنی چەند پرسێکی تایبەت بە کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، سه‌عات ۱۱ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌مه‌ 2019/7/15 لیژنەی كاروبارى شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بەسەرپه‌رشتیی سوسن محه‌مه‌د میرخان سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئامادەبوونى هەژان حه‌سه‌ن کوێستانی بریارده‌رو ڕاوێژکارانی لیژنەکە، پێشوازییان لە خاتوو هەدار زوبێر بارزانی جێگری سەرۆکی لیژنەی كاروبارى شەهیدان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە لەهۆڵی لیژنەی شەهیدان و جێنۆسایدو زیندانیانی سیاسی بەڕێوەچوو، بە تێروتەسەلی چەند تەوەرێک تاووتوێ کران، لەوانە هەردوو یاسای تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێم و بەغداو کۆمەڵێک گیروگرفتی یاسایی خرانەڕوو کە پێویستییان بە لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردن و هەموارکردنەوە هەیە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن کردەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی.