Skip to the content
Menu

وتارى د.رێواز فایه‌ق به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

د.رێواز فایه‌ق له‌وته‌یه‌كیدا به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌دانیشتنی ژماره‌ 14ى ئاسایی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 11/7/2019 به‌ڕێوه‌چوو رایگه‌یاند: "رێككه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكومه‌ت ‌و كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم هه‌نگاوى گرنگن به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌‌و قه‌یرانه‌كان و جێبه‌جێكردنى داخوازییه‌كانى خه‌ڵك".
ئه‌مه‌ش ده‌قى وته‌كه‌یه‌:
به‌ناوى خواى به‌خشنده‌ و میهره‌بان
خوشك و برایانى به‌ڕێز..... ئه‌ندامانى په‌رله‌مان
كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان .... كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان
سه‌ره‌تا سوپاسی بێپایانى خۆم ئاراسته‌ى ئێوه‌ى به‌ڕێزو له‌رێگه‌ى ئێوه‌شه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان و كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌م، بۆ ئه‌و بڕواو متمانه‌یه‌ى ئه‌مرۆ به‌ئێمه‌تان به‌خشی.
هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ زۆر زۆر سوپاسی خوشكى ئازیزمان د.ڤالا ئه‌كه‌م كه‌ به‌ هاوكاریى هه‌ردوو به‌ڕێزان جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێر توانییان له‌ قۆناغێكی راگوزه‌رى هه‌ستیاردا سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان بكه‌ن.
له‌م ئه‌ركه‌ نوێیه‌دا كه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كى گه‌وره‌ ‌و مێژوویی ده‌خاته‌ سه‌رشانمان، دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوكارانم له‌ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌كمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ى فاكته‌رى به‌هێزكردنى پێكه‌وه‌ژیان ‌و گیانى پێكه‌وه‌كاركردن بین، بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى قه‌یرانه‌ سیاسی و دارایی و ئابوورییه‌كانى كه‌ له‌ چه‌ند ساڵى رابردوو باڵی به‌سه‌ر هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان فراكسیۆنه‌كان ‌و هێزه‌ سیاسییه‌كان كێشابوو.
رێككه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكومه‌تى هه‌رێم ‌و كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم هه‌نگاوى گرنگن به‌ره‌و ده‌ستپێكردنى قۆناغێكى نوێى پێكه‌وه‌كاركردنى فراكسیۆن و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌‌و قه‌یرانه‌كان و جێبه‌جێكردنى داخوازییه‌كانى خه‌ڵك.
وه‌ك سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان هه‌وڵده‌ده‌ین نوێنه‌رى هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان بین، چه‌ترى كۆكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كانى په‌رله‌مان ده‌بین بۆئه‌وه‌ى په‌رله‌مان وه‌ك مه‌رجه‌عی بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كانى گه‌لى كوردستان رۆلى كاراى خۆى له‌پرۆسه‌ی داڕشتنی یاساو چاودێریى حكومه‌ت و به‌دواداچون بۆ جێبه‌جێكردنى یاساكان و په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى ساڵانه‌ى هه‌رێم .
به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تیى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى كارێكى گرنگ و پێویستى ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ى پێكه‌وه‌كاركردنمان ده‌بێ له‌پێناو سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ته‌شریعی قانون و به‌رقه‌راركردنى سه‌روه‌ریى یاساو دابینكردنى دادپه‌روه‌ریى كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و دابینكردنى شه‌فافیه‌ت.
دواى تێپه‌ڕبوونى 10 مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژادرنه‌كان ئێستا خه‌ڵكى كوردستان چاوه‌ڕێی هه‌نگاوى كرده‌یی له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ى كێشه‌كانی خه‌ڵك ‌و پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ئاستى خزمه‌تگوزارى له‌سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كان به‌رزبكه‌نه‌وه‌و ده‌رفه‌تى كار و دامه‌زراندن به‌ڕووى گه‌نجان و ده‌رچووانى زانكۆكان له‌ كه‌رتى گشتى و تایبه‌ت زیاتر بكرێته‌وه‌.
له‌كۆتایییدا جارێكى تر سوپاسی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و بڕواو متمانه‌یه‌ی به‌ئێمه‌تان به‌خشی، دواى كۆتاییهاتنى پشووى دانیشتنه‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى وه‌رزى نوێی یاسادانان به‌پشتیوانیى خواو هه‌ماهه‌نگیى سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان كارده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ى له‌ئاست خواست و چاوه‌ڕوانییه‌كانى ئێوه‌ و كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بین.