Skip to the content
Menu

به‌ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆڕبه‌ندی سه‌ركردایه‌تیی خانمان به‌ڕێوه‌چوو

به‌مه‌به‌ستی پشتگیری و پشتیوانی له‌ خانمان و هاندانیان بۆ بره‌ودان به‌تواناكانیان، سه‌ر له‌ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ 29/6/2019، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌یاوه‌ریى ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، له‌هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵا له‌شارى هه‌ولێر، به‌شداریى له‌ گه‌وره‌ترین كۆڕبه‌ندی سه‌ركردایه‌تیی خانمان ( SEW ) له‌پێناو په‌ره‌پێدان به‌ توانستی خانمان كرد.


له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌و خانمانه‌ى كه‌ له‌بوارێك له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی ژیاندا سه‌ره‌ڕاى بوونی چه‌ندین ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ست و زاڵبوونی هه‌ندێ كلتوور و داب و نه‌ریتی تایبه‌ت به‌كۆمه‌ڵگه‌ توانیویانه‌ له‌ سفره‌وه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنن، چیرۆكی ژیانی خۆیان گێڕایه‌وه‌.


له‌ كۆتایی كۆڕبه‌نده‌كه‌شدا له‌لایه‌ن هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئاماده‌بووانى كۆڕبه‌نده‌كه‌، وێڕای ستایشكردن و هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی خواستن بۆیان، خه‌ڵاتی رێزلێنان به‌خشرایه‌ ئه‌و خانمه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌.


شایه‌نی وتنه‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی ئیكۆ بۆ په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستیى كۆمه‌ڵ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو زانكۆى هه‌ولێری پزیشكی و تیشكی نێوده‌وڵه‌تی رێكخرابوو، مه‌به‌ست له‌ ئه‌نجامدانی كۆڕبه‌نده‌كه‌ش گه‌یاندنی په‌یامێك بوو به‌ خانمان به‌وه‌ى كه‌ ده‌توانن تا ئه‌و ئاسته‌ بڕۆن كه‌ ببن به‌ سه‌ركرده‌.