Skip to the content
Menu

به‌دواداچوون بۆ گرتووخانه‌كان و خانه‌ى به‌ساڵاچووان و شه‌ڵته‌ره‌كان ده‌كرێت

به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوون و ئاگاداربوون له‌ ره‌وشى گرتووخانه‌كان و خانه‌ى به‌ساڵاچووان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى، كات 10:30ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2019/6/25، لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت و له‌ مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتیى رۆمیۆ هه‌كارى، سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌سه‌ر ره‌وشى گرتووخانه‌كان و شه‌ڵته‌ره‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى و خانه‌ى بێسه‌رپه‌رشتان و به‌ساڵاچووان كرا.
له‌به‌شێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كرا كه‌ لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ رێكخراوه‌كانى داكۆكیكار له‌ مافى ئافره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى كۆببێته‌وه‌ بۆ گوێگرتن له‌ كێشه‌و گرفته‌كانیان و دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێكى گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنیان.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو به‌شێوه‌یه‌كى مه‌یدانى سه‌ردانى سه‌رجه‌م گرتووخانه‌كان و خانه‌كانى بێسه‌رپه‌رشتان و به‌ساڵاچووان و شه‌ڵته‌ره‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى شاره‌كانی سلێمانى و دهۆك بكات بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ره‌وش و كێشه‌و گرفته‌كانیان.