Skip to the content
Menu

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌ى فراوانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌كارو چالاكییه‌كانی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی سێ مانگی رابردوویان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 25ی حوزه‌یرانی 2019، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی منی نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان و هیوا نه‌سره‌دین، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رپه‌رشتیى كۆبوونه‌وه‌ی وه‌رزیی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، وێڕای ده‌ستخۆشى و ستایشكردنى لیژنه‌كان كه‌ به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی سێ مانگی رابردوودا توانیویانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌كاره‌كانی خۆیان هه‌ڵبستن له‌ ئاماده‌بوونیان له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و چاودێریكردن و به‌دواداچوونى كاروبارى لیژنه‌كانیان.


هه‌ر له‌ كۆبوونه‌كه‌دا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌مى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌رك و رۆلی په‌رله‌مانى له‌و چوارچێوه‌یه‌دا خسته‌ روو و هه‌روه‌ها باسی رۆلی لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی له‌چاودێریكردن و ده‌ركردنی یاسا و په‌سندكردنی بودجه‌دا كرد و رایگه‌یاند: "رۆڵ و کارەکانی لیژنه‌کان بەگوێرەی پەیڕەو دیاری کراوە و لیژنەکان ڕۆلی سەرەکی دەبینین له‌ گفتوگۆكردنی ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ی كه‌ ئاراسته‌یان ده‌كرێت بۆ تاووتوێكردنییان و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنیان به‌هاوكاریى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیاره‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی خزمەتگه‌یاندنی زیاتر به‌خەڵکی کوردستان".
لە کۆتاییدا دەستەی سەڕۆکایەتیی لیژنە هه‌میشه‌ییه‌كان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەمجۆره‌ کۆبوونه‌وانە، جەختییان لەکاری پێكه‌وه‌یى و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌گه‌ڵ داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و به‌دواداچوونی زیاتر بۆ كێشه‌كانی هاووڵاتییان كرده‌وه‌ لەچوارچێوەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان و کۆبوونەوەكه‌شیان بەهاندەرێکی گرنگ زانی بۆیان.