جێگری سەرۆکی پەرلەمان: "کۆمپانیاکانی ئەمریکا دەتوانن هاوبەشی ئێمە بن بۆ پەرەپێدانی ئابووریی کوردستان"
جێگری سەرۆکی پەرلەمانى كوردستان، هێمن هەورامی، ئهمڕۆ دووشەممە ٢٤/٦/٢٠١٩، لە وتارێکدا لەبەردەم شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا گووتی: "کۆمپانیاکانی ئەمریکا دەتوانن هاوبەشی ئێمە بن بۆ پەرەپێدانی ئابووریی کوردستان".
هێمن هەورامی، ئاماژەی بەوە دا كه قەیرانی ئەم دواییە دەرفەتێک بوو بۆئەوەی جارێکی تر بەخۆماندا بچینەوەو لە کەموکورتییەکانی ڕابردوومانەوە شت فێربین، ئێوە وەکو کۆمپانیا پیشەنگەکان دەتوانن هاوبەشی ئێمە بن، ئێوە دەتوانن یارمەتیدەری ئێمە بن بۆئەوەی گەشە بەئابووریی خۆمان بدەین و کاریگەرییمان پەرەبستێنێت".
ههر له وتهكهیدا هێمن هەورامی، ئاماژەی بەدەسپێکی قۆناغی گەڕانەوە بۆ کەرتی کشتوکاڵ کرد و رایگهیاند: "بۆ یەکەمجار لەماوەی دەیەکانی رابردوودا لەنێوان ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ بەرهەمی گەنمی ئێمە دوو بەرامبەر بوو، چونکه خەڵک لە ناوچە شارییەکان گەڕانەوە بۆ گوندەکان بۆئەوەی خەریکی کشتوکاڵ بن، ئەوان لە نێو جەرگەی قەیرانەوە دەرفەتیان خوڵقاند".
جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتی: "ئەرکی لەپێشینەی پەرلەمانی کوردستان کارکردنە لەگەڵ حکومەت بۆ چاکسازییە هەرە پێویستەکان لەگەلێک بواردا، بۆ ڕێکخستنی لایەنی دارایی و کارگێڕی و کەمکردنەوەی ڕۆتیناتی بێکەڵک".
ئەو باسی پەیوەندیی تایبەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکاى کرد و سوپاسی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد بۆ پشتیوانیکردنی هێزە ئازاکانی پێشمەرگە و ئاسایش لەشەڕى دژی داعش و گوتی: "تەنانەت لە جەنگی شەڕى دژی داعش ڕووداوی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمبوو و ژیان بەشێوەی ئاساییی خۆی بەردەوام بوو".
له كۆتایى وتارهكهیدا هێمن ههورامی، گووتی: "پێشوازی لە کۆمپانیاکانی ئێوە دەکەین بۆئەوەی بێن لێرە بازرگانی بکەن و کوردستان وەکو پێگەیەکی سهقامگیر و جێگیر بۆ بازرگانیی خۆتان لە عێراق بەکار بێنن".
هێمن هەورامی، جێگرى سهرۆكی پهرلهمانى كوردستان، وتاری خۆی لە میانەی سیمینارێک پێشکەش بەنوێنەرانی ژووری بازرگانیی ئەمریکا و کۆمپانیاکانی ئەمریکا و ئەندامانی کونسوڵخانەی ئەمریکا کرد وەکو میوانی فەخری.
ژووری بازرگانیی ئەمریکا گەورەترین ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانە که زیاتر لە سێ ملیۆن ئەندامی هەیە، سەرۆکی شاندی نوێنەرانی ژووری بازرگانی و کۆمپانیاکانی ئەمریکا ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆک بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو.
سەردانی ئەم شاندە بۆ کوردستان لەلایەن نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ڕێکخرابوو.