Skip to the content
Menu

سكاڵای هاووڵاتییان سه‌باره‌ت به‌وه‌رگرتنى پاره‌ى ئاو گه‌یه‌ندرایه‌ پارێزگای هه‌ولێر

به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و گه‌یاندنی سكاڵای هاووڵاتییانی شارى هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌وه‌رگرتن و هه‌ژماركردنی پاره‌ى ئاو به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ره‌مه‌كی، رۆژی چوارشه‌مه‌ 2019/6/26، شاندێكی لیژنه‌ی ده‌سپاكی و كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ پێكهاتبوو له‌ شیرین ئه‌مین، سه‌رۆكی لیژنه‌ و سه‌عید مسته‌فا، جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌، سه‌ردانی پارێزگای هه‌ولێریان كردو له‌لایه‌ن نه‌وزاد هادى، پارێزگارى هه‌ولێر و تاهیر عه‌بدوڵا، جێگرى پارێزگارى هه‌ولێر پێشوازییان لێكرا.
له‌ دیدارێكدا شاندی په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رجه‌مى ئه‌و سكاڵایانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون سه‌باره‌ت به‌دانانی پێوه‌رى ئاو بۆ ماڵان و وه‌رگرتن و هه‌ژماركردنی پاره‌ی ئاو به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ره‌مه‌كی، خسته‌ به‌رده‌م پارێزگارى هه‌ولێرو دوای گفتوگۆكردنیان هه‌ردوولا به‌پێویستییان زانی كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاوى هه‌رێم كۆببنه‌وه‌ به‌وپێیه‌ی كه‌ دوو لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارن به‌ پرسه‌كه‌ و په‌یوه‌ندیى راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پێوه‌رانه‌ی بۆ ماڵه‌كان داناوه‌.