Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ سه‌رۆكی پارتى سه‌وزی ئه‌ڵمانیا ده‌كات

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی پارتی سه‌وزی ئه‌لمَانیا دواین پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق و كوردستان و ناوچه‌كه‌ تاووتوێ ده‌كه‌ن...
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25ی حوزه‌یرانی 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ئانالینا بییه‌ر بۆك، سه‌رۆكی پارتی سه‌وزی ئه‌لمَانیاو ئه‌ندمی په‌رله‌مانی ئه‌لمَانیا و باربارا شوماخه‌ر، به‌رپرسی دێسكی سیاسی و ئابووری و مرۆیی له‌ كونسوڵخانه‌ی ئه‌لمَانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ریان كرد.
له‌دیدارێكدا سه‌ره‌تا ئانالینا بییه‌ر بۆك، سه‌رۆكی پارتی سه‌وزی ئه‌لمَانیا و ئه‌ندمی په‌رله‌مانی ئه‌لمًَانیا، خۆشحاڵیی خۆی به‌سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان روونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ به‌سه‌ركرنه‌وه‌ى كه‌مپه‌كانی سنووری پارێزگای دهۆك-ه‌ و ئامانجیانه‌ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری دۆخی سیاسی و ئابووری و ژیانی ئاواره‌كان بن و هه‌ر شتێكیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویست بێت هاوكارو هه‌ماهه‌نگ بن .
لای خۆیه‌وه‌ د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، پوخته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌رۆلی په‌رله‌مان و رێكاره‌ یاساییه‌كان و رێژه‌ی ئافره‌تان له‌كایه‌كانی حكومڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باس كرد و ته‌ئكیدى له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كڕیزی و ته‌باییى نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "له‌ ئێستادا هه‌نگاوه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ قۆناغی باشى بڕیوه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین پێش پشووی په‌رله‌مان، پێكهاته‌ى كابینه‌كه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان به‌مه‌به‌ستی متمانه‌ پێدانیان".
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق-یش، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پته‌وكردنی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌ له‌رێگه‌ی ده‌ستووری عێراق و به‌تایبه‌تتریش جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ده‌ستوور و ئاماژه‌ى به‌پێویستیی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ى كوردستان بۆ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان كرد بۆئه‌وه‌ی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌ فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی فیدرالیى عێراق هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ى ئارامی و سه‌قامگیرى بۆ ئه‌و ناوچانه‌ بده‌ن كه‌ له‌ئێستادا جموجۆڵی داعش له‌و ناوچانه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و مه‌ترسیى بۆ سه‌ر دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ دروست كردووه‌.


له‌ به‌شێكی دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی داعش كه‌ به‌رامبه‌ر خوشك و برا ئێزدییه‌كان و پێكهاته‌كانی تر ئه‌نجامیداون و رایگه‌یاند: "به‌ به‌رچاوی هه‌موو دونیا ئه‌م تاوانه‌ به‌رامبه‌ر به‌كوردانی ئێزدی و پێكهاته‌كانی ترى ده‌شتی نه‌ینه‌وا ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا تاوانبارانی سه‌ره‌كی نه‌دراونه‌ته‌ دادگاو په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌ خولی چواره‌م و له‌م خوله‌شدا داوامان له‌په‌رله‌مان وحكومه‌تی عێراق كردووه‌ هه‌نگاوه‌ یاساییه‌كان بگرنه‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه‌ له‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی به‌جینوساید بناسرێت، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بێت به‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، پرۆژه‌ یاسایه‌ك ئاماده‌كراوه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئێزیدییه‌كان و مافی قوربانیانی ده‌ستی تیرۆر .
پاشان شاندی میوان خوشحاڵیی خۆیان به‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان ده‌ربڕی و ئه‌و هه‌نگاوه‌ یاساییانه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان بۆ پێدانی رۆلی زیاتر به‌ئافره‌تان له‌دامه‌زراوه‌ گرنكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رزنرخاند و رایانگه‌یاند: "ئه‌م رێژه‌ یاساییه‌ كه‌ بۆ كۆتای ئافره‌ت له‌هه‌رێمی كوردستان دانراوه‌ لای ئێمه‌ له‌په‌رله‌مانی ئه‌لمَانیا نییه‌ و به‌و كاره‌ش ئێوه‌ هه‌نگاوێك له‌پێش ئێمه‌ن".
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختییان له‌سه‌ر پێویستیى بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان وپه‌رله‌مانی ئه‌لمَانیا كرده‌وه‌و هیواشیان خواست ئه‌و پشتگیرى و هه‌ماهه‌نگییه‌ى نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وام بێت و په‌ره‌ى زیاتری پێبدرێت.