Skip to the content
Menu

چه‌ند لیژنه‌یه‌كى لاوه‌كى بۆ چاودێریكردنى سایلۆكان پێكهێنرا

به‌مه‌به‌ستى چاودێریكردنى سایلۆكانى هه‌رێمى كوردستان له‌كاتى وه‌رگرتنى گه‌نم له‌ جووتیاران و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كێشه‌كانى ده‌ڤه‌رى بادینان، سه‌عات 10:30ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18/6/2019، لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێرى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیى عوسمان عه‌بدوڵا، سه‌رۆكى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر میكانیزمى وه‌رگرتنى گه‌نمی جووتیاران كرا له‌گه‌ڵ دروستبوونى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌گوندى چڕه‌ له‌سه‌ر زه‌وى و زار و بڕیاردرا چه‌ند لیژنه‌یه‌ك پێكبهێندرێت به‌مه‌به‌ستى چاودێریكردنى سایلۆكانى هه‌رێمى كوردستان سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تى وه‌رگرتنى گه‌نمى جووتیاران و چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ى رۆژانه‌ دێنه‌ به‌رده‌م جووتیاران.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا بڕیاردرا به‌لێكۆڵینه‌وه‌و سه‌ردانیكردنى مه‌یدانى بۆ سنوورى شارۆچكه‌ى شێخان، به‌تایبه‌ت گوندى چڕه‌ كه‌ له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا تێیدا كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌سه‌ر زه‌وى و زار دروست ببوو.