بودجەی كۆمپانیاكان دەخرێتە ژێر چاودێریی دەستەی دەسپاكییەوە
بەمەبەستی رێكخستنی بودجەی كۆمپانیاكان و چۆنیهتیی بەرێوەچوونی پرۆسەی وەرگرتنی بودجەو خەرجكردنی بەشێوهیهكی شهفاف، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشهمه 2019/6/19، بهبهشداریى هەریەك لە لیژنەكانی (دەسپاكى، دارایی و ئابووری، كاروباری یاسایى)ى پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێم بههاوبهشی لهگهڵ دەستەی دەستپاكیی هەرێم، وۆركشۆپێكیان ئەنجامدا.
لە وۆركشۆپەكهدا گفتوگۆ لەسەر بابەتی چۆنیەتیی بهڕێوهچوونی پرۆسەی بودجەی كۆمپانیاكان بۆ ئەوەی بەژێر چاودێریی دەستەی دەستپاكی بەڕێوەبچێت.
هەر لە وۆركشۆپەكهدا تیشك خرایە سەر ئەو كێشەو گرفتانەی هەیە و بەپێویست زانرا كە تیمێكی هەماهەنگیی هاوبەش لەنێوان وهزارهتی بازرگانی و دهستهی دەسپاكی پێكهێندرێت و پێداچوونەوە بەیاساكان بكرێت و ئەو كەموكوڕییانەی هەیە چارەسەر بكرێت.
باس لەوەش كرا كە دەبێ تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادەی هەماهەنگی بن لەگەڵ هەموو دەستەكانی حكومەتی هەرێم لە دەسپاكی و چاودێریی دارایی و سەندیكاكانی وردبینی و ژمێریاری، تەنها بۆئەوەی هەنگاوەكانی بەسیستهمبوونی بودجەی كۆمپانیاكان بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا بەردەوام بن.
لەبەشێكی تری وۆركشۆپەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە كرا كە كۆمپانیا بازرگانییەكان لەهەموو سیستمە حوكمڕانییەكاندا بڕبڕەی پشتی كهرتی بازرگانی و ئاڵوگۆڕن و هەروەها داهاتیان بۆ حكومەتیش هەیە، بەڵام نابێ كاروباری بودجەو خەرجی و داهات و چۆنیەتی پرۆژەكانی ئەو كۆمپانیایانە بەدەر بێت لە چاودێریی وردی حكومەت لەلایەن دەستە جۆراوجۆرەكانەوە.
لەكۆتاییدا سەرجەم راسپاردەكانی وۆركشۆپەكە پێشكەشی لیژنەكانی پەرلەمان كران بۆئەوەی كاریان لەسەر بكرێت.