Skip to the content
Menu

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ باڵیۆزی ئیسپانیا له‌ عێراق ده‌كات

دوای نێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنچشه‌ممه‌ 20ی حوزه‌یرانی 2019، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان، پێشوازیی كرد له‌ خوان خۆسێ ئیسكۆبار، باڵیۆزی ئیسپانیا له‌ عێراق و مارینا دێ رامۆن، به‌رپرسی ئۆفیس باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ هه‌رێمی كوردستان.
له‌دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌و سه‌ردانه‌یان بۆ په‌رله‌مانى كوردستان، كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌دۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆى هه‌رێمی كوردستان و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان و قۆناغه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا باس كرد.
سه‌باره‌ت به‌هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی پێكهاته‌ وه‌زارییه‌كه‌ی كابینه‌ی نوێییه‌ بۆ متمانه‌دان پێیان، كه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئاماده‌ بێت و له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیشی، په‌رله‌مانی كوردستان به‌زووترین كات كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆى ئه‌نجام ده‌دات بۆ متمانه‌دان به‌كابینه‌كه‌".
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ى كوردستان بۆ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم كرد كه‌ئێستا مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشى لێده‌كرێت، بۆئه‌وه‌ی به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزه‌ فه‌ڕمییه‌كانی عێراقدا هه‌ماهه‌نگ بن بۆ پاراستنی سه‌قامگیرى و ئارامیى بۆ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانى ئه‌و ناوچانه‌ و دوورخستنه‌وه‌ى مه‌ترسیی داعش له‌سه‌ریان.
لای خۆیه‌وه‌ خوان خۆسێ ئیسكۆبار، باڵیۆزی ئیسپانیا له‌ عێراق، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆى به‌ سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی په‌له‌كردن له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێى حكومه‌تی هه‌رێم كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "دۆخی سیاسیی ناوچه‌كه‌ ده‌خوازێت په‌له‌ له‌پێكهینانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت"، ئاماده‌یى خۆى و وڵاته‌كه‌شی ده‌ربڕی بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقى فیدرال و دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ره‌شه‌ی تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌داو هه‌ردوولا جه‌ختییان له‌سه‌ر پێویستیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ رێگه‌ی ئاشتییانه‌ و دیالۆگ و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق كرده‌وه‌.