Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌كات

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 17/6/2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی جنان جه‌بار بۆیا، ئه‌ندامى په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیى له‌ شاندێكی ئه‌ڵمانيی شارى ئێسن كرد، كه‌ پێكهاتبوو له‌ پیته‌ر رینزێل، جێگرى پارێزگارى ئێسن و سه‌رۆكی به‌شی سیاسی له‌ دامه‌زراوه‌ى فونك میدیا گرووپ له‌ به‌رلین و سه‌رۆك و به‌ڕێوه‌به‌ری ژماره‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌ و فه‌رمانگه‌ى نشینگه‌ و ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ندامانى شاره‌وانی شاری ئێسن.
سه‌ره‌تا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به‌سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی سڵاوو رێزی پارێزگاى شارى ئێسن-یان گه‌یانده‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سوپاسى گه‌لى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانیان كرد كه‌ له‌ برى هه‌موو جیهان شه‌ڕى تیرۆریستانی داعشیان كرد.
هه‌روه‌ها كورته‌یه‌كیان سه‌باره‌ت به‌ كار و چالاكییه‌كانیان له‌ سنوورى پارێزگای دهۆك له‌ هاوكاریكردنی ئاواره‌ و لێقه‌ومان خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند كه‌ به‌نیازن له‌ئاینده‌دا سنوورى كارو چالاكییه‌كانیان په‌ره‌پێبده‌ن بۆئه‌وه‌ى شارو شارۆچكه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستانیش بگرێته‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌نێوان شارى ئێسن و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ن و ئاماده‌یی خۆشیان نیشاندا بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر كارو چالاكییه‌كانیان له‌ هاوكاریكردن و خزمه‌تكردن به‌ئاواره‌ و لێقه‌وماوان.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، سوپاسی شانده‌كه‌ی كرد به‌رامبه‌ر ئه‌و كارو چالاكییانه‌ی كه‌ له‌سنوورى پارێزگای دهۆك ئه‌نجامیانداوه‌ له‌ هاوكاریكردنی ئاواره‌ و لێقه‌وماوان و رایگه‌یاند: "سه‌ره‌ڕای ئه‌و بارودۆخه‌ سه‌خته‌ى حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان پێیدا تێپه‌ڕی كه‌چی باوه‌شی بۆ ئاواره‌كان كرده‌وه‌و توانیی سه‌ركه‌وتووانه‌ هه‌موو قه‌یرانه‌كان‌ تێپه‌ڕێنێ".

 


سه‌باره‌ت به‌و تاوانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی تیرۆریستانی داعش دژ به‌ئێزدییه‌كان و پێكهاته‌كانی دیكه‌ ئه‌نجام دران، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی كاركردن له‌سه‌ر به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌و تاوانانه‌ كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان له‌ خولی پێشوو و له‌و خوله‌ى ئێستاشدا هه‌موو هه‌وڵێكی خۆى خستۆته‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ى عێراق ببێته‌ ئه‌ندام له‌ دادگاى تاوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆئه‌وه‌ى ئه‌و تاوانانه‌ به‌جینۆساید بناسێنێت و قه‌ره‌بووی قوربانییه‌كان بكرێته‌وه‌ و ئاواره‌كانیش بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدى باب و باپیرانیان".
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕالیی عێراق كرد و رایگه‌یاند: ""له‌ یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان، كه‌ تیایدا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا جه‌ختمان له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كردۆته‌وه‌و له‌ئێستادا په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ئاستێكی باشدایه‌و ده‌خوازین حكومه‌تی عێراق پابه‌ندبێ به‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، له‌نێویشیاندا ماده‌ی 140ى ده‌ستوور كه‌تایبه‌ته به‌ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان له‌ئاساییكردنه‌وه‌و سه‌رژمێرى و ئه‌نجامدانی راپرسی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان هه‌ردوولا به‌جۆرێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو گه‌لانی عێراقدا بێت".
هه‌روه‌ها باسی له‌ بارودۆخی ئێستای ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان كرد كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌هۆی سووتاندنی ده‌غل و دانی جووتیارانی كوردو ناچاركردنی خه‌ڵكی ره‌سه‌نی ئه‌و ناوچانه‌ به‌چۆڵكردنی شوێنه‌كانیان به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی دیمۆگرافیى ئه‌و ناوچانه‌و رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌وجۆره‌ كارانه‌ داوای رێگه‌گرتن له‌ روودانی ئه‌و كارانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌هۆی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان و پێویسته‌ هه‌وڵی جدی بدرێت بۆ چاره‌سه‌ركردن و پارێزگاریكردن له‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ به‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كانییه‌وه‌و هێزی پێشه‌مه‌رگه‌ى كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌و په‌رله‌مانی كوردستانیش لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تیی هه‌یه‌ به‌و ناوچانه‌ بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و كێشانه‌ى كه‌ له‌و ناوچانه‌دا هه‌ن و رۆژنه‌ راپۆرتییان له‌سه‌ر بارودۆخی ئه‌و ناوچانه‌ پێده‌گات و له‌ په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕالیى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌".
سه‌باه‌رت به‌دۆخی سیاسیى هه‌رێمی كوردستانیش، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند: "هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێى حكومه‌تی هه‌رێم قۆناغی باشی بڕیوه‌ و له‌ئێستاشدا دوای سوێنخواردنى سه‌رۆكی هه‌رێم و راسپاردنی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ى ئێستا گفتوگۆى له‌لایه‌ن به‌شداربووه‌كان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌ستی پێكردووه‌ و هیوادارین كه‌ له‌پێش واده‌ی یاسایی خۆیدا ناوى كابینه‌ی نوێ بخرێنه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان بۆ متمانه‌دان پێیان".
گووتیشی: "له‌گه‌ڵ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان هاوكارو هه‌ماهه‌نگ ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم بۆئه‌وه‌ی چاكسازییه‌كی گشتگیر له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا ئه‌نجام بدرێت".
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا شاندی میوان دیارییه‌كیان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه‌ گوزارشتی له‌ شاره‌كه‌یان ده‌كرد، له‌ به‌رامبه‌ریشدا وه‌ك رێزلێنانێك له‌ كارو چالاكییه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان لۆگۆى په‌رله‌مانی كوردستانی به‌خشییه‌ شاندى میوان.