Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ده‌كات

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23ی حوزه‌یرانی 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی منی نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌شاندێكی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا كه‌ پێكهاتبوو له‌ چاك لێبرستی و ستیڤ رید و تۆبی هێركنیس و گاری كێنت، ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی به‌ریتانیا، كه‌ به‌یاوه‌ریى خه‌سره‌و ئاژگه‌یى، له‌ نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وڵاتی به‌ریتانیا سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كردبوو.
له‌دیداریكدا، شاندی په‌رله‌مانتارانی به‌ریتانیا وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان به‌و سه‌ردانه‌و پیرۆزباییكردن له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌پۆسته‌كه‌ی، خۆشحاڵیی خۆیان به‌بوونی ئافره‌تێك له‌و پۆسته‌ باڵایه‌ ده‌ربڕی و رایانگه‌یاند: "زۆر گرنگه‌و مایه‌ی شانازییه‌ كه‌ئافره‌تێك له‌م پۆسته‌ باڵایه‌ ده‌بینین، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی دیموكراسی و یه‌كسانیی جێنده‌ری ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌، به‌م هه‌نگاوانه‌ سه‌رسامین به‌كوردستان"، هیواشیان خواست رۆلی ئافره‌تان له‌ نێو كایه‌كانی حكومڕانى له‌ هه‌رێمی كوردستاندا په‌ره‌ی زیاتری پێبدرێت.
هه‌روه‌ها ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان روون كرده‌وه‌ كه‌ به‌نیازن گرووپێكی دۆستایه‌تی له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی به‌ریتانیا دروستبكه‌ن به‌مه‌به‌ستی راهێنان و ئالوگۆڕیی كاری په‌رله‌مانى و هه‌روه‌ها هێنانی بازرگانان و كۆمپانیاكانى وڵاته‌كه‌یان بۆ ئه‌نجامدانى كارى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، ئاماژه‌یان به‌وه‌دا بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیان ده‌خه‌ن گه‌ڕ.
هه‌ر له‌دیداركه‌دا شاندی میوان جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و خۆشحاڵیی خۆشیان ده‌ربڕی به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و راسپاردنی كاندید بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ده‌ربڕی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێه‌مى حكومه‌تی هه‌رێم و هیوای خواست كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان یه‌كگرتوو و به‌هێزبن بۆئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كانی به‌ریتانیاش بۆ هه‌رێمه‌كه‌ زیاتر بێت".
لای خۆیه‌وه‌، د.ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهینانى شاندی میوان، جه‌ختی له‌سه‌ر پته‌وكردنی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "خۆشحاڵین به‌و سه‌ردان و هه‌وڵه‌ی ئێوه‌ كه‌ به‌نیازن گرووپێكی دۆستایه‌تی له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی به‌ریتانیا و هیواخوازین كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای كارى هاوبه‌ش و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولا بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی په‌رله‌مانیی وڵاتێكی پێشكه‌وتووی وه‌ك به‌ریتانیا".
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌ هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ قۆناغێكی باشی بڕیوه‌ و هیوای خواست كه‌ به‌ر له‌ هاتنى وادى پشووی هاوینه‌ی په‌رله‌مان پێكهاته‌ وه‌زارییه‌كه‌ى كابینه‌ی نویًَ بگاته‌ په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی متمانه‌ پێدانیان.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێى حكومه‌تی هه‌رێم، په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستده‌كات به‌ ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی گشتگیر له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا به‌تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی دارایى و كارگێڕیدا، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ پێویستییان به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌و له‌گه‌ڵ دونیای ئه‌مڕۆدا ناگونجێن هه‌مواریان بكه‌ینه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و یاسایانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌ بوارى بازرگانی و وه‌به‌رهێنان و راكێشانى كۆمپانیاكانى ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.


له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق كردو رایگه‌یاند: "له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ئاستێكی باشدایه‌ و هیوادارین كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ رێگه‌ی دیالۆگ و جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌تایبه‌ت ماده‌ی 140ى تایبه‌ت به‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ئێستا داعش له‌و ناوچانه‌ جموجۆڵیان په‌یدا كردووه‌و بۆته‌ مایه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزه‌ فه‌رمییه‌كانی عێراق بۆ ئه‌و ناوچانه‌ كرده‌وه‌، بۆ گێڕانه‌وى سه‌قامگیرى و ئارامی و پاراستنی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ و پێًكهاته‌كان و داوای لێكردن وه‌ك په‌رله‌مان و حكومه‌تی به‌ریتانیا فشار بخه‌نه‌سه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌عێراق بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور به‌تایبه‌تیش ماده‌ی 140.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، باسی له‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كان و مافه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردو رایگه‌یاند: "له‌ ئێستادا پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان رۆلێكی گرنگیان پێدراوه‌ و مافه‌كانیان به‌یاسا رێكخراوه‌ و له‌پۆسته‌ باڵاكانیشدا بوونیان هه‌یه‌ و هیوادارین له‌كاتی نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستانیش مافه‌كانیان له‌به‌رچاو بگیرێت".