Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ كونسوڵی گشتیى كۆریای باشوور له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

له‌دیدارێكی نێوان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و كونسوڵی گشتیى كۆریای باشوور له‌ هه‌رێمی كوردستان، دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24ی حوزه‌یران 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ چۆی كوانژین، كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌دیدارێكدا چۆی كوانژین، كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كلربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ی، ستایشی كاره‌كانى كرد كه‌وه‌ك ئافره‌تێكى به‌توانا و كه‌سێكی یاسایی توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتووانه‌ رۆلی خۆی له‌بوارى كاری په‌رله‌مانیدا ببینێت و خۆشحاڵی خۆشی به‌و پێشكه‌وتنانه‌ى كه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌دیهاتوون ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: "داهاتوویه‌كی زۆر باش بۆ كوردستان ده‌بینم و له‌ئێستاشدا بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو شاندێكی باڵاى كۆریای باشوور به‌سه‌رۆكایه‌تیی راوێژكاری سه‌رۆككۆمارو ئه‌ندامییه‌تی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانى كۆریا، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و هاتنی ئه‌م شانده‌ ده‌رفه‌تێكی زۆر باشه‌ بۆ پته‌وتر كردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و ده‌خوازین په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی كۆریاى باشوور به‌ره‌و پێشتر بچێت".
گووتیشی: "له‌ساڵی 2013 په‌رله‌مانى كوردستان و په‌رله‌مانی كۆریاى باشوور كارى هاوبه‌شیان كردووه‌ و په‌رله‌مانی كۆریا یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌جینۆسایدكردن و ئه‌و تاوانانه‌ى كه‌ دژ به‌گه‌لى كوردستان ئه‌نجامدراون ده‌ركردووه‌ و بۆ ئێستاو داهاتووی ئێمه‌ش بوون و به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگ و پێویسته‌".
لای خۆیه‌وه‌، د.ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان. وێڕای به‌خێرهێنانی كۆنسوڵی گشتیی كۆریاى باشوور بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌گه‌ڵ كۆریای باشوور كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازی له‌م شانده‌ی كۆریای باشوور ده‌كات كه‌ به‌نیازن له‌سه‌ره‌تای مانگی حه‌وت بێنه‌ كوردستان و ده‌خوازین په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر به‌هێز له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی كۆریای باشوور هه‌بێت و به‌تایبه‌ت له‌نێوان لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌ردوولادا، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین له‌ئاینده‌یه‌كی زۆر نزیكدا پێكهاته‌ وه‌زارییه‌كه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م بگاته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ متمانه‌ پێدانیان و له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی حكومه‌تی نوێش، په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی گشتگیر له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا ده‌كات، به‌تایبه‌ت سێكته‌ری كارگێڕی و دارایی، هه‌روه‌ها كاری له‌پێشینه‌ی په‌رله‌مانیش، كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت".
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق-یش، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ زیاتر به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق و جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عێراق و مادده‌ی 140ی ده‌ستوورى تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ به‌مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى و پاراستنی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كان به‌بێ جیاوازى".
هه‌ر له‌دیداركه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان داوای له‌ كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور كرد كه‌ هانی كۆمپانیاكانى وڵاته‌كه‌ی بدات بۆ راكێشانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كارى وه‌به‌رهێنان و به‌شداریكردن له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یدا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌رله‌مانی كوردستان بۆ گرتنه‌به‌رى هه‌ر رێكارێكی یاسایی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌یدا بێت بۆ ئاسانكاریكردن له‌ بوارى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا درێغی ناكات، چ به‌ده‌ركردنی یاسا بێت یاخود هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكانی پێشوو بێت.