Skip to the content
Menu

له‌ كۆى 97 ئه‌ندامی ئاماده‌بوو
مه‌سرور مه‌سعود بارزانی به‌ 87 ده‌نگ بۆ سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان كرا

سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/6/11، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (8)ى ئاسایی خولی به‌هاره‌ له‌ ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ بریتی بوو له‌ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی بڕگه‌ (3) له‌ ماده‌ی (56)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو.
دوای خوێندنه‌وه‌ى به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ و كۆنووسی دانیشتنی پێشوو و ناوى ئه‌ندامانى ئاماده‌نه‌بوو و مۆڵه‌تپێدراو له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێرى په‌رله‌مان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، داواى له‌ لیستی براوه‌ى هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد كاندیدیان بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانى هه‌رێمی كوردستان بخه‌نه‌ روو.

دواتر له‌لایه‌ن ئومێد عه‌بدولڕه‌حمان حه‌سه‌ن خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ڕێز مه‌سرور مه‌سعود مسته‌فا بارزانی وه‌ك كاندیدی لیستی براوه‌ى هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و له‌كۆى 97 ئه‌ندامی ئاماده‌بوو به‌ 87 ده‌نگ بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ناوزه‌دكرا.
به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێز مه‌سرور مه‌سعود مسته‌فا بارزانی كرد به‌بۆنه‌ی ناوزه‌دكردنی بۆ ئه‌و پۆسته‌ و رایگه‌یاند: "هه‌ر ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و بڕیاره‌ ئاراسته‌ی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆئه‌وه‌ى به‌زووترین كات له‌لایه‌ن جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێزیان راسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی گه‌لی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌". به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.