پەرلەمانی كوردستان خولی گرێدانی دانیشتنەكانی بەهارەی بۆ ماوەی 15 رۆژ درێژكردەوە
سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2019/6/30، بەسەرۆكایەتیی د.ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و منی نبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (9)ی ئاسایی خولی بەهارە لە ساڵی یەكەمی خولی پێنجەمی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.
سەرەتا بەرنامەی كاری دانیشتنەكە خوێندرایەوە كە بریتی بوو لە درێژكردنەوەی خولی بەهارەی ساڵی یەكەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەپێی بڕگەی (چوارەم) لە مادەی (7)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، هەروەها كۆنووسی دانیشتنی پێشوو و ناوی ئەندامانی ئامادەنەبوو و مۆڵەتپێدراو خوێندرایەوە.
دواتر بەپێی خاڵی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە پێشنیاری سەرۆكی پەرلەمان بۆ درێژكردنەوەی خولی بەهارەی ساڵی یەكەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەپێی بڕگەی (چوارەم) لە مادەی (7)ی پەیڕەوی ناوخۆ خرایە دەنگدانەوەو بە 84 دەنگ پێشنیارەكە پەسندكراو بریاردرا خولی گرێدانی دانیشتنەكانی بەهارە بۆ ماوەی 15 رۆژ درێژبكرێتەوە. بەمشێوەیە كۆتایی بەدانیشتنەكەی هات.