Skip to the content
Menu

به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی په‌رستاران لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستى پیرۆزبایى له‌ په‌رستاران ده‌كات

به‌بۆنه‌ى 12ى مایس، رۆژی جیهانيى په‌رستاران، لیژنه‌ی کاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌کاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی په‌رستارانی كوردستان و جیهان كرد، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌یاننامه‌ی لیژنه‌ی کاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌کاربه‌ر به‌بۆنه‌ی ١٢ی مایس ڕۆژی جیهانیی په‌رستاران 
به‌بۆنه‌ی ١٢ی مایس ڕۆژی جیهانیی په‌رستاران پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی په‌رستارانی جیهان و به‌ تایبه‌ت په‌رستارانی ئازیزی كوردستان ده‌كه‌ین.
‎١٢ی مایس ڕۆژێکی پڕشنگداره له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی و ده‌ستپێکێکی پیرۆزه بۆ بونیاتی پیشه‌یه‌کی پڕ له‌ میهرو له خزمه‌ت مرۆڤایه‌تی، په‌رستاران له‌ جیهاندا له‌ ده‌ستپێکی سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ست دانه ئه‌م پیشه پیرۆزه ڕۆڵی گرنگی هه‌بووه له‌ که‌مکردنه‌وه‌ی نه‌خۆشی و چاره‌سه‌رکردن، په‌رستارانی خۆشه‌ویستی کوردستانیش هه‌ر له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه‌کانی گه‌له‌که‌مان به‌پیشه پیرۆزه‌که‌یان به‌شدارێکی کارا بوونه له‌چاره‌سه‌ری برا پێشمه‌رگه‌کان و به‌ به‌رده‌وام له‌ ده‌زگا ته‌ندروستییه‌کان و له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانیش ڕۆڵی ئه‌رێنییان بینیووه له‌پاراستنی ته‌ندروستیی هاووڵاتییان و چاره‌سه‌رکردنیان.
‎ڕۆڵی دڵسۆزانه‌ی ئه‌م توێژه‌ کاریگه‌ره‌ی نێو ناوه‌ندی ته‌ندروستی به‌رزده‌نرخێنین له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان كه‌ خۆنه‌ویستانه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌خۆش و هاووڵاتیانیان كرده‌ پێشینه‌ی كاره‌كانیان.
‎له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ پێویسته‌ ماف و ئیمتیازاتی په‌رستاران له‌ هه‌ردوو كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت ده‌سته‌به‌ر بكرێت  و زه‌مینه‌ی له‌باریان بۆ بڕه‌خسێنرێت بۆ دابینكردنی هه‌لی كارو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هاوكاربن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستیی په‌رستاری و ئاشناكردنیان به‌زانستی پێشكه‌وتوو و سه‌رده‌میانه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی باشتری ته‌ندروستی بۆ هاووڵاتییانی خۆشه‌ویست. 
‎پیرۆزبێت ١٢ی مایس ڕۆژی جیهانی په‌رستاران.
‎لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان
2019/5/12