Skip to the content
Menu

سه‌باره‌ت به‌دۆخی گوندى په‌لكانه‌
لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

سه‌باره‌ت به‌دۆخی گوندى په‌لكانه‌<br>لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ى گوندى په‌لكانه‌ى سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى دوبز بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
دواى ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى ڕابڕدوو دۆخێكی نه‌خوازراو و به‌زۆر سه‌پێندراو به‌سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم هاتۆته‌ ئاراوه‌ به‌تایبه‌ت له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك به‌رده‌وام هاووڵاتییانی كورد له‌م ناوچانه‌ ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین رێكارى نایاسایی‌و مامه‌ڵه‌ى نامه‌ده‌نیانه‌و پێچه‌وانه‌ى مافه‌ ده‌ستوورییه‌ ناسراوه‌كان ده‌بنه‌وه‌.
هه‌موو ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ ڕه‌فتارى حزبی به‌عس‌و حكومه‌تی فاشستی ڕژێمى سه‌دام ده‌هێنێته‌وه‌ بیرو ده‌رخه‌رى ئه‌و ڕاستیه‌ن كه‌ ملیشیا هه‌ر كاتێك بۆیان بڕه‌خسێت دانیشتوانی كوردی ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى سه‌پێندراویان ئازارداوه‌.
نوێترینیان هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر خه‌ڵكى سیڤیلی گوندی (په‌لكانه‌)ى سه‌ر به‌شارۆچكه‌ى دوبز، كه‌ به‌ڕۆژى ڕووناك كوردی نیشته‌جێی ئه‌م گونده‌و چه‌ند گوندێكی ترى كوردستان سه‌رگه‌ردان ده‌كه‌ن‌و شوێنه‌كانیان به‌عه‌ره‌بی هاورده‌ داگیر ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ى دوێنێ ڕوویدا به‌ته‌واوى پێچه‌وانه‌ى ئه‌و كه‌شه‌ لێكتێگه‌یشتنه‌یه‌ كه‌به‌م دواییه‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا هاتۆته‌ ئاراوه‌و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌رو ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی ئه‌م ناوچانه‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
خۆشبه‌ختانه‌ سه‌ركردایه‌تیى سیاسیى كوردستان له‌ئاستێكی زۆر به‌رزه‌وه‌ زۆر به‌زوویى هاتنه‌ سه‌رخه‌ت‌و به‌ هه‌وڵه‌كانیان توانییان ئه‌و هاووڵاتییانه‌ ئازاد بكه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ ده‌ستگیركرابوون.
ئێمه‌ش وه‌كو لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانى كوردستان زۆر به‌توندی ئه‌م كاره‌ ترسنۆكانه‌ى میلیشیا چه‌كداره‌كان ئیدانه‌ ده‌كه‌ین‌و داوا ده‌كه‌ین زیاتر سنوورێك بۆ پاكتاوكردنى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌م ناوچانه‌ دابنرێت.
له‌كۆتاییدا دووپاتی ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ دۆخی كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ش ئاسایی بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌منیه‌ت‌و كه‌ڕامه‌تی هاووڵاتییان به‌بوونی هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان‌و سوپای فه‌رمیى وڵات ده‌پارێزرێت.

لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم
له‌ په‌رله‌مانى كوردستان
15ى ئایاری 2019