Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ شاندێكی ده‌زگای گشتیی كاروبارى مین كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی ئایاری 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیى خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ سیراج بارزانی، سه‌رۆكی ده‌زگای گشتیی كاروباری مین و شاندی یاوه‌ری كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی ده‌زگای گشتیی كاروباری مین پوخته‌یه‌كى له‌كارو چالاكییه‌كانی ده‌زگاكه‌یانى له‌ پاككردنه‌وه‌ و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین له‌ هه‌رێمی كوردستان باس كردو چه‌ند داواكارییه‌كى په‌یوه‌ست به‌كاره‌كانی ده‌زگاكه‌ و كارمه‌ندانی ده‌زگاكه‌شى له‌رووی ماف و ئیمتیازاته‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو و به‌گوێره‌ی یاساو ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ئاراسته‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێن جێگه‌ى داواكارییه‌كانی ئه‌وانیشى تێدا بكرێته‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ د.ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی سیراج بارزانی، سه‌رۆكی ده‌زگای گشتیی كاروباری مین له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، ستایشى كارو چالاكییه‌كانی ده‌زگاكه‌یانى كرد و رۆل و ئه‌ركى ده‌زگاكه‌یانى به‌رزنرخاندو رایگه‌یاند: "رۆلی ده‌زگای گشتیی كاروباری مین و كارمه‌ندانی ده‌زگاكه‌ به‌رزده‌نرخێن له‌ پاككردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان له‌ مین و به‌كارێكی پیرۆز و نیشتیمانیی ده‌زانین بۆ خزمه‌تكردن و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان"، هه‌روه‌ها پشتگیری و پشتیوانیی خۆشی بۆ داواكارییه‌كانیان دووپاتكرده‌وه‌.