Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیى له‌ شاندێكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27ی ئایاری 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ى خۆى له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ په‌خشان زه‌نگه‌نه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و شاندی یاوه‌ری.
له‌دیدارێكدا په‌خشان زه‌نگه‌نه‌، به‌ناوی ئه‌نجوومه‌نی باڵاى خانمان پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ى خۆشحاڵیی خۆیانی به‌ بوونى ئافره‌تیك له‌و پۆسته‌دا ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند: "بۆ ئێمه‌ی خانمان شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌ ئافره‌تێك له‌ هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و له‌و پۆسته‌دا رۆلی گرنگ بگێڕێت له‌ له‌ یه‌كترنزیكردنه‌وه‌ى فراكسیۆنه‌كان و راگرتنی هاوسه‌نگی له‌نێوانیاندا.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا شاندی میوان پوخته‌یه‌ك له‌ كارو چالاكییه‌كانیان له‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان خسته‌ڕوو، باسیان له‌ بارودۆخ و ژیانی كچانی ئێزدی له‌ ناو كه‌مپه‌كان كرد و داوایان كرد كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان چاودێریی و به‌دواداچوونی زیاتر ناو ئه‌و كه‌مپانه‌ بكات كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن.
لای خۆیه‌وه‌ د.ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان و شاندی یاوه‌رى، پوخته‌یه‌ك له‌رێكاره‌ یاساییه‌كانى په‌رله‌مان و هاوسه‌نگیی له‌نێوان فراكیسۆنه‌كان و رۆلی په‌رله‌مانی كوردستانى له‌ قۆناغی ئێستادا باسكرد و رایگه‌یاند: "جیاواز له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، لای ئێمه‌ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی وڵاته‌كه‌مان له‌پێشینه‌ی كاره‌كانمانه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌وڵی خۆمان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ لێكنزیكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بۆچوونه‌كان و په‌رله‌مانی كوردستان به‌شێك ده‌بێت له‌چاره‌سه‌ری كۆی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا".

سه‌باره‌ت به‌ جینۆسایدی كوردانی ئێزدی و ژیانی ناو كه‌مپه‌كان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وتی: "له‌خولی چواره‌م و له‌ ئێستاشدا له‌ هه‌وڵه‌كانی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بۆئه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه‌ دژ به‌مرۆڤایه‌تییه‌ له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی به‌فه‌رمی به‌ جینۆساید بناسرێت و له‌م رووه‌شه‌وه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ رێكاره‌ یاساییه‌كانی بگرنه‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی عێراق ڕه‌زامه‌ندی بدات به‌تایبه‌تمه‌ندیی دادگا و (قبول اختصاص المحكمه‌) له‌ كه‌یسی ئافره‌تانی ئێزدی تا دادگای تاوانكاریی نێوده‌وڵه‌تی بتوانێت ئه‌م كه‌یسه‌ بجوڵێنێت و دادگایی تاوانباران بكرێت و قه‌ره‌بووی قوربانیان بكرێته‌وه‌ و ناوچه‌كانیان ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌ و ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی باب و باپیرانیان و ژیانێكی ئاسووده‌ و ئاسایشیان بۆ دابین بكرێت".