شاندێکی یۆنامی سەردانی لیژنەی یاسایی کرد
بەمەبەستی پێشکەشکردنی ڕاوێژی یاسایی و دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوانیان، سەعات ۱۱ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشهمه ۲۲/٥/۲۰۱۹، لیژنەی كاروبارى یاسایی له پەرلەمانی کوردستان، بەسهرپهرشتیى بژار خالید، سەرۆکی لیژنەو ئامادهبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەکە، پێشوازییان لە شاندێکی ڕێکخراوی یۆنامی کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە هۆڵی لیژنەی یاسایی له تهلارى پهرلهمان بەڕێوەچوو، سەرەتا بژار خالید، سەرۆکی لیژنەی كاروبارى یاسایی، وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، کورتە باسێکی لەبارەی کارو چالاکییەکانی لیژنەکە خستەڕوو.
لەلایەن خۆیەوە د.هۆگۆ کاچیچ، ڕاوێژکاری یاساییی یۆنامی لە بەغدا، باسی کارو چالاکیی ڕێکخراوەکەیانى کرد لەپێشکەشکردنی ڕاوێژی یاسایی بۆ لیژنەی یاسایی له ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و هیوای خواست کە ئەو پەیوەندی و هەماهەنگییەش لەنێوان ڕێکخراوەکەیان و پەرلەمانی کوردستان دروست ببێت، ئەوەشی خستەڕوو کە لەئێستادا ڕەشنووسێکی پێکەوەکارکردن لەنێوان یۆنامی و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان هەیە بەو هیوایەی بتوانن هاوکاریی یاسایی پێشکەش بکەن.
پاشان لەلایەن ئەندامانی لیژنەکەوه کۆمەڵێک سەرنج و پێشنیاز خرانەڕوو.