Skip to the content
Menu

كێشه‌ى جووتیارانی سنوورى قه‌راج و كه‌ندێناوه‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ په‌رله‌مانى كوردستان

سه‌عات ١١ی پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 12/5/2019، لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیى مەلا عوسمان كانی كوردەیی، سەرۆکی لیژنەو ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ئەندامانی لیژنەکە، لەگەڵ ژمارەیەك له‌ پارێزەرانى خۆبه‌خشى  جووتیارانی سنوری قەراج و كەندێناوەو شارۆچكەی مەخموور کۆبۆوه‌.
 
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ لەسەر كێشەو گرفتەکانی بەردەم کەرتی کشتوکاڵ و  هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر دەغڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکانى ناوچەکە کراو  پارێزه‌رانی خۆبه‌خشی جووتیارانى سنوورى قەراج و كەندێناوەو شارۆچكەی مەخموور مه‌ترسییه‌كانی داعشیان له‌سه‌ر جووتیارانى سنووره‌كه‌و ناڕەزایەتی جووتیارانیان به‌رامبه‌ر به‌ هەڕەشەکانی داعش له‌ یاداشتێكدا گەیانده‌ په‌رله‌مانی كوردستان.
 
دواتر له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، پارێزەر گۆران دیبەگەیی، نوێنەری لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، ڕایگەیاند: "یاداشتی ناڕەزایەتیی جووتیارانی سنوورەكە سەبارەت بەهەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر خۆیان و دغڵ و بەرووبوومە كشتوكاڵییەكانیان كه‌ بەردەوام هەڕەشەیان لەسەرە گه‌یانده‌ پەرلەمانی كوردستان".
 
گووتیشی: "لە یاداشتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە بەهۆی كشانەوەی پێشمەرگە بۆشایی ئەمنی لەسنوورەكە دروست بووە، ئێستاش كە وەرزی دروێنە نزیكبووە مەترسی و هەڕه‌شەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر جووتیاران هەیە، بەتایبەت ئەو گوندانەی كەوتوونەتە هەردوو دیوی چیای قەرەچوغ، چونكە بەشێوەیەكی هەڕەمه‌كی داوای باج و سەرانە لە جووتیاران دەكەن".  
 
ئەوەشیان خستەڕوو پێویستە هەرچی زووە كارێك بكرى بۆ ئەوەی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكانیان وترس و دڵەڕاوكێی جووتیاران نەمێنێ، چونكه‌ بەمشێوەیە جووتیاران بەری ڕەنجی ساڵێكیان بە فیڕۆ دەڕوات.
هه‌ر له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، مەلا عوسمان كانی كوردەیی، سەرۆكی لیژنەی كستوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان، رایگه‌یاند: "ئێمە وەكو لیژنەی كشتوكاڵ یاداشتی ئەو برا چووتیارانەمان وەرگرتووەو لە كۆبوونەوەی لیژنەكەماندا كاری لەسەر دەكەین و سەردانی هەریەكە لە وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆو بازرگانیش دەكەین بۆئەوەی ماف و داوكارییەكانیان بگەێنینە حكومەت و لایەنە پەیوندیدارەكان".
 
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "سه‌ردانی سنووری مه‌خمورو ده‌شتی قه‌راج و كه‌ندێناوه‌ ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری كێشه‌و گرفته‌كانی جووتیارانی ئه‌و سنووره‌ بین، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای چه‌ندین كێشه‌و گیروگرفت، رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش بوونه‌ته‌وه‌".
 
سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان گووتیشی: "داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین بۆ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك به‌سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ی كشتوكاڵ، بۆئه‌وه‌ی سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی بازرگانی و كشتوكاڵ گفتوگۆ بكه‌ن بۆ پێدانی شایسته‌ داراییه‌كانی جووتیاران و زیادكردنی رێژه‌ى وه‌رگرتنی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ ئه‌مساڵ رێژه‌ی به‌رهه‌می گه‌نم له‌ ساڵانی رابردوو زیاتر ده‌بێت".