له كۆى 81 ئه‌ندامی ئاماده‌بوو نێچیرڤان بارزانی به 68 ده‌نگ به سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژێردرا
سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/5/28، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (6)ى ئاسایی خولی به‌هاره له ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه تایبه‌تبوو به خستنه‌ڕوو و هه‌ڵبژاردنی پاڵێوراوه‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌پێی حوكمى خاڵی (5 و 6)ى بڕگه‌ى (یه‌كه‌م)ى مادده‌ى (4) له یاسای ژماره (1)ى ساڵی 2019، (یاسای كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمى كوردستان-عێراق و هه‌موارى شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سندكردنی ده‌ستوور).
سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "به‌پێی رێككاره یاساییه‌كان و له‌چوارچێوه‌ی حوكمه‌كانی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ژماره 1ی ساڵی 2005 و یاسای كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق و هه‌موارى شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تاپه‌سندكردنی ده‌ستوور، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان له‌رێگه‌ی وێبسایتی فه‌رمیی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه رێككاره‌كانی خۆ كاندیدكردنى بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "دوای وه‌رگرتنی ناوی كاندیده‌كان كه 9 كاندید (سیڤی)یان پێشكه‌ش كردبوو، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌چوارچێوه‌ی یاسا به‌ركاره‌كاندا ناوی ( 5 ) كاندیدی په‌سندكردو دواتریش له‌و چوار كاندیده‌ی كه ره‌تكرابوونه‌وه دووانیان له‌رێگه‌ی دادگای ته‌میزه‌وه تانه‌یان له بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان گرتبوو، دوای پێداچوونه‌وه‌ی تانه‌كان، دادگای ته‌میزی هه‌رێم بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان به راست و دروست و یاسایی وه‌سفكرد".
دواتر به‌پێی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ناوی كاندیدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمى خوێنده‌وه كه بریتی بوون له نێچیرڤان ئیدریس مسته‌فا بارزانی، ئومێد عه‌بدولسه‌لام قادر، محه‌مه‌د حه‌مه ساڵح عومه‌ر، رێبوار عه‌زیز مسته‌فا و هیوا عه‌بدوڵا خدر.
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌كه‌ی ده‌ستپێكردو سه‌ره‌تا ناوی نێچیرڤان ئیدریس مسته‌فا بارزانیی خسته ده‌نگدانه‌وه‌و له‌كۆی 81 ئه‌ندامى په‌رله‌مانی ئاماده‌بوو 68 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و هه‌رچوار كاندیده‌كه‌ی دیكه‌ش (ئومێد عه‌بدولسه‌لام قادر، محه‌مه‌د حه‌مه ساڵح عومه‌ر، رێبوار عه‌زیز مسته‌فا و هیوا عه‌بدوڵا خدر) به‌جیا خرانه ده‌نگدانه‌وه‌و نه‌یانتوانی ده‌نگی هیچ ئه‌ندامێك به‌ده‌ستبێنن.
به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "پیرۆزبایی له‌گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی هه‌رێم و هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له‌به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌ین و هیوادراین ببێته پارێزگاری سه‌روه‌ریی یاسا‌و مافی خه‌ڵك و هه‌ماهه‌نگی بكات له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی فیدراڵی و هه‌رێم، به‌مشێوه‌یه كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه هێنا.