لیژنەی شەهیدان له‌گه‌ڵ شاندێکی وەزارەتی شەهیدان كۆبووه‌وه
بەمەبەستی وەرگرتنی داتا‌و زانیاری سەبارەت بەكاروباره‌كانى وەزارەتی شەهیدان، سه‌عات ۱۱ى پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ۷/٥/۲۰۱۹، لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید‌و زیندانیانی سیاسی له په‌رله‌مانى كوردستان، بە سه‌رپه‌رشتیی سوسن محه‌مه‌د میرخان، سەرۆکی لیژنەو ئاماده‌بوونی ژیان تاهر، جێگری سەرۆکی ليژنەو هەژان کوێستانی بڕیاردەرى لیژنه‌و ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەکە، له هۆڵی لیژنه له ته‌لارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ شاندێکی وەزارەتی شەهیدان کە پێکهاتبوو لە بەڕەڤان حه‌مدی بریکاری وەزیری كاروبارى شەهیدان و ئه‌نفالكراوان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی ناوبراو كۆبووه‌وه.
لە کۆبوونەوەکه‌دا لەلایەن سەرۆک و جێگر‌و بڕیاردەرو ئەندامانی لیژنەکەوه کۆمەڵێک پرسیاری تایبەت بە کاروباری خانەوادەی شەهیدان و بەرکەوتەی کیمیاباران، خانەوادەی ئەنفال و زیندانیانی سیاسی، ئاراستەی بریکاری وەزارەتی شەهیدان کرا، کە تایبه‌ت بوون به مووچە و پێدانی زەوی و هەلی کار‌و خوێندن و چارەسەری تەندروستی و کۆمەڵێک پرسی تر.
پاشان گفتوگۆیەکی چڕ‌وپڕ لەسەر یەک بەیەکی ئەو خاڵانە کراو بڕیاردرا چارەسەری گونجاو بۆ ئه‌و کێشەو گرفتانه‌ى كه هه‌ن بدۆزرێته‌وه به جۆرێك كه خزمه‌تى زیاتر به‌كه‌سوكارى شەهیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی بكات.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لیژنه بڕیاریدا بە ڕاپۆرتێک سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاگادار بکاته‌وە.