ئەنجوومەنی باڵاى خانمان داوای یاسایەكی تایبەت لە پەرلەمان دەكات
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 27ى ئایارى 2019، لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ له په‌رله‌مانی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیى گوڵستان سه‌عید، جێگرى سه‌رۆكی لیژنه و ئاماده‌بوونی بڕیاردەر و ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكه، پێشوازییان له‌شاندێكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای كاروباری خانمان به سه‌رۆكایه‌تیی په‌خشان زه‌نگه‌نه، سه‌رۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان له ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كرد.
لە كۆبوونەوەكه‌دا كه له‌سه‌ر بانگهێشتی لیژنه‌ی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ له په‌رله‌مانی كوردستان رێكخرابوو، سه‌رۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان سەرجەم كێشەو گرفتەكان و میكانیزمی بەرەوپێشبردنی ئەنجوومەنەكەی خستە بەردەم لیژنەكە و گفتوگۆی لەسەر كرا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا داوا لەلیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت و مافی مرۆڤ كرا كە پڕِۆژەیاسایەكی پێشكەووتووی تایبەت بە ئەنجوومەنی خانمان ئامادە بكەن و بیخەنە بەرنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاران دەنگی لەسەر بدەن بۆئەوەی ئەنجوومەنەكە ببێتە خاوەن یاساییەكی تایبەت و كارەكانی بەشێوەیەكی سەردەمیانەوە و یاسایی بەڕێوە ببات.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو منداڵانە كرا كە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە ژنانی ئێزدی هێنراونەتە ژیانه‌وه كە چۆن ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەیان پێبدرێت و بەشێوەیەكی تەندروست تێكەڵی كۆمەڵگه بكرێن.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی ژنان لەناوەندەكانی بڕیاردان لە فەرمانگە حكومییەكاندا.