Skip to the content
Menu

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی لە شاندێكى كه‌سوكارى ونبووه‌كانى كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ كرد

لە رۆژی جیهانیی منداڵانى ونبوودا، ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ 25ى ئایارى 2019، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیى له‌ شاندێكى كه‌سوكارى ونبووه‌كانى كیمیابارنی هه‌ڵه‌بجه‌و كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ سوسن محه‌مه‌د میرخان، سەرۆکی لیژنەی كاروبارى شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی له‌ پەرلەمانى كوردستان و پارێزەرو نوێنەرانی ئەو خێزانانەی هەڵەبجە کە لەکیمیابارانی ۱۹۸۸دا منداڵیان وونبووە ئاماده‌ی بوون، شاندی میوان یاداشتێكیان پێشكه‌ش به‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد تیایدا داویان كردبوو كه‌ له‌ رێگه‌ی پڕۆژه‌ یاسایه‌ك و به‌ یاساییكردنى كه‌یسى ونبووه‌كان، له‌چوارچێوه‌ى یاسادا، له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كارئاسانیى زیاتر بۆ دۆزینه‌وه‌ى منداڵه‌كانیان بكرێت، کە تائێستا ۷٤ خێزان، نزیکەی ۱۷٠ منداڵى ونبوویان تۆمار کردووە.

هه‌روه‌ها جەخت لەسه‌ر هەماهەنگیی زیاتر کرایه‌وه‌ تا لەکابینەی نوێ رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەرو له‌وباره‌یه‌وه‌ هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، رایگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی مرۆڤایەتی و نیشتیمانیی خۆی دەزانیت دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەم کار لەسەر دۆسییەی منداڵە ونبووەکانی هەرێمی کوردستان بکات و هەموو هەوڵێکیش دەدەین بەزووترین كات کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان لیژنەی كاروبارى شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی و لیژنەی كاروباری یاساییی پەرلەمان، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار له‌ حکومەتی هەرێم ئه‌نجام بدرێت بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەک و دەرکردنی یاسایه‌ك کە شایستە بێت بە کەسوکارى قوربانیان و دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکان"، هه‌روه‌ها جەختی لە بوونی ناوەندێکی پشکنینی پێشکەوتووی دی ئێن ئه‌ى بەستانداردی جیهانی لەکوردستان کردەوە.