Skip to the content
Menu

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌

په‌رله‌مانی كوردستان، روونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ هه‌واڵێكى سایتی (PUKMEDIA) بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌ رۆژى 2019/5/22، له‌ژێر ناوونیشانى (سه‌ردانی توركیا له‌ منى قه‌هوه‌چی قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت)، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قى روونكردنه‌وه‌كه‌یه‌:
سایتی (PUKMEDIA) له‌ رۆژی 2019/5/22، هه‌واڵێكی له‌ژێر ناوونیشانی (سه‌ردانی توركیا له‌ منى قه‌هوه‌چی قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت)، بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌تیایدا گوایه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ پێیان راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ منى نبى قه‌هوه‌چی، سه‌ردانیكردنی توركیاى لێ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ و ناتوانێت بچێته‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌، هه‌روه‌ها توركمانه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان له‌مه‌ودوا به‌نوێنه‌رى خۆیانی نازانن و په‌یوه‌ندییان پێوه‌ى نه‌ماوه‌، ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ئه‌و هه‌واڵه‌ دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌ و له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا روونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ رای گشتی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌:
1 – قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌ردانیكردنی به‌ڕێزیان په‌یوه‌ندیی به‌كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ڕێزیان ئه‌ندام بووه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵاى ریفراندۆم.
2 - منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، كاندیدی فراكسیۆنه‌ توركمانییه‌كان بووه‌ و به‌ده‌نگی 59 په‌رله‌مانتار له‌دانیشتنی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ رۆژی 2019/2/18، له‌سه‌ر پشكى پێكهاته‌ى توركمان بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌ڵبژێردرا.
3 - سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ توركمانه‌كان له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌ و به‌رده‌وامه‌ و به‌نوێنه‌رى خۆیانی ده‌زانن له‌و پۆسته‌دا.