Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازى له‌ به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ده‌كات

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازى له‌ به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ده‌كات

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی ئایاری 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی منى نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌دیدارێكدا د.ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، باسى له‌ گرنگی و پێویستیى پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمی كوردستان كرد به‌جۆرێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولادا بێت و خۆشحاڵیی خۆشی به‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ فه‌رمانگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرتوویه‌تیه‌به‌ر بۆ به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندیییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ نێرده‌ تایبه‌تییه‌كان و كونسوڵی وڵاتان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌یى په‌رله‌مانی كوردستانیشی بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌ربڕی بۆ زیاتر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها دروستكردنی په‌یوه‌ندیی له‌ نێوان په‌رله‌مانی كوردستان په‌رله‌مانی وڵاتاندا.
لای خۆیه‌وه‌ فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ى، باسی له‌ به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتان كرد و جه‌ختی له‌ سه‌ر به‌هێزبوونی زیاترى په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتان كرده‌وه‌و ئاماده‌یی خۆشی نیشاندا كه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتان كار له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ بكات.