Skip to the content
Menu

شاندێکی لیژنەی كاروبارى شەهیدان سەردانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات

بەمەبەستی بەدواداچوون و گفتوگۆکردن لەسەر کاروچالاکیەکانی مانگی ڕابردوو و دانانی پلان بۆ کارەکانی داهاتوویان، سه‌عات ۱۲ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ۲۰ی ئایاری ۲۰۱۹، لیژنەی كاروبارى شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بەسەرپەرشتی... سوسن محه‌مه‌د میرخان، سەرۆکی لیژنە، ژیان تاهر، جێگری سەرۆکی لیژنە و هەژان کوێستانی، بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەکە کۆبووه‌وه‌.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لەهۆڵێ لیژنە له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان بەڕێوەچوو و به‌ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد، ئەو کارانە تاووتوێکران کە مانگی ڕابردوو ئەندامانی لیژنەكه‌ ئەنجامیان دابوو، هاوکات کۆمەڵێک پرسی گرنگ خرانە بەرباس، لەوانە سەردانیکردنی شاندێکی لیژنەی شەهیدان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دروستکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوانیان و بانگهێشتکردنی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سەربەوەزارەتی كاروبارى شەهیدان لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە کەئەو زەوییانەی بۆ کەسوکاری شەهیدان تەرخان دەکرێت بدرێت بە کەسوکاری شەهیدان و بۆ مەبەستی تر بەکارنەهێندرێت.
لەکۆتایشدا بڕیاریاندا بەڕاپۆرتێک سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاگادار بکه‌نه‌وه‌.