Skip to the content
Menu

له‌ دوو دیداری جیاوازدا
جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتان ده‌كاته‌وه‌

هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ دوو دیداری جیاوازدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ كونسوڵی یۆنان و كونسوڵی ئیماراتی یه‌كگرتوو له‌ هه‌رێمی كوردستان، جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌.
ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 21ی ئایاری 2019، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌دوو دیداری جیاوازدا له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئیفسیمیۆس كۆستۆپۆلۆس، كونسوڵی یۆنان له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌حمه‌د ئیبراهیم سه‌عید، كونسوڵی ئیماراتی یه‌كگرتوو له‌ هه‌رێمی كوردستان.


له‌دیداره‌كاندا هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پوخته‌یه‌ك له‌رێكاره‌ یاساییه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شێوازو میكانزمی ده‌نگدان له‌سه‌ر پاڵێوراوانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى باسكرد و رایگه‌یاند: "دوای ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان قۆناغه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌ستپێده‌كات و یه‌كێك له‌ كاره‌ له‌پێشینه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ گشت لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كان پشتگیریی لێده‌كه‌ن، بوونی ده‌ستوورێكه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی گشتگیره‌ له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا.
هه‌ر له‌ دیداره‌كاندا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م وڵاتان كرده‌وه‌.
لای خۆیانه‌وه‌ كونسوڵی یۆنان و كونسوڵی ئیماراتی یه‌كگرتوو، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیى خۆیان به‌ رێككه‌وتنی لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ی نوێه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئه‌زموونی دیموكراسیی هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌و ئاماده‌یی خۆشیان ده‌ربڕی بۆ زیاتر په‌ره‌پێدان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا.