لیژنه‌ی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن داواى قه‌ده‌غه‌كردنی یاریى په‌پجى ده‌كات
سه‌عات ١١ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه ٧/٥/٢٠١٩، لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزارو ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان له په‌رله‌مانی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیی هاوڕێ به‌نا محه‌مه‌د ساڵح، سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژکارانی لیژنەکە، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیی ئەنجامدا.
لەکۆبوونەوەکەدا باس لە پلان و به‌رنامه‌ی كارى لیژنەكه بۆ قوناغه‌كانی داهاتوو کرا.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه پشتگیریی خۆى بۆ بڕیاری پەرلەمانی عێراق سه‌باره‌ت به‌قەدەغەکردنی یاریى په‌پجى ده‌ربڕی و بڕیاریاندا كه كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن كه ئه‌و بڕیاره هه‌رێمی كوردستانیش بگرێته‌وه.
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا دواى كۆبوونه‌وه‌كه، هاوڕێ بەنا، سه‌رۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزارو ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان له په‌رله‌مانی كوردستان، رایگەیاند: "بەپێی یاسا کە لەساڵی 1999 لەپەرلەمانی کوردستان دەرچووە، هەر بڕیارێك یان یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت، دەبێ لە پەرلەمانی كوردستان بریاری لەسەر بدرێت و بەپێی گونجانی بۆ هەرێم جیبەجێبکرێت".
گووتیشی: "ئێمە لە لیژنەکەماندا ئەمڕۆ بریارمانداوە كە پڕۆژەیاسایەك ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بكەین، بۆئەوەی بڕیاری قەدەغەکردنی پەپجی لە هەرێمی كودستانیش بەركار ببێت".
راشیگه‌یاند: "دوای دەرکردنی بڕیارەکە لە پەرلەمانی کوردستان، لایەنی جێبەجێکار کە حکومەتە دەبێت رێكارەكانی رێگریكردن بگرێتەخۆی و کۆمپانیاکان ئاگاداربکاتەوە لە قەدەغەکردنی".