Skip to the content
Menu

لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوه‌ندی کوردستانی له‌گه‌ل به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و وڵاتانى ده‌ره‌وه‌، پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ یەکشەمه‌ 2019/5/19، لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوه‌ندی کوردستانی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیى د.رێبوار بابكه‌یى، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌، له‌هۆڵی ماده‌ی 140، له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و ستافی فەرمانگەکە كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا فه‌لاح مسته‌فا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، باسى لە پەیوندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ و ده‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئەمریکا کرد، لەو چوارچێوەیەدا ئەو دەنگۆیانەى ره‌تكرده‌وه‌ کە ئەمریکا بڕیاری راگرتنی ڤیزاى بە ھاووڵاتییانی ھەرێمى كوردستان دابێت و ھەروەھا ھاوکاری و مەشقپێکردنی ھێزەکانی پێشمەرگەشى راگرتبێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ لیژنەکەى دڵنیا كرده‌وه‌ كه‌ پەیوەندییەکانى هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریکا و ھەموو ئەو وڵاتانەی کە پێش ئێستا نوێنەرایه‌تییان لە کوردستان ھەبووه‌، تا ئێستاش ماون و په‌یوەندییەکانیش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ماون و لە ئاستێکی باشیشدان.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامانى لیژنه‌ى پەیوەندییەکان و ڕەوندی کوردستانی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، وێڕای گه‌یاندنی سوپاسگوزاریى خۆیان بۆ به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم بۆ روونكردنه‌وه‌كانى، سەرنج و پرسیارەکانی خۆیان کەتایبەت بوون بە پرسی پەیوەندییەکانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ دەرەوە، ئاراستەی سەرۆکی فەمانگەى کردو ئه‌ویش وه‌ڵامی پێویستی سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى دایه‌وه‌.