لە وەرزێکی نوێیدا سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان سێ توێژینەوەی بڵاوکردەوە
سەعات 10ی بەیانیی رۆژی دووشەممە 20/5/2019، بەچاودێریی سەرۆکایەتیی پەرلەمانى كوردستان، له هۆڵی پهناگیرى له تهلارى پهرلهمان، لە مەڕاسێمێکدا سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان سێ توێژینەوەی تایبەت بەکاری پەرلەمانیی خستە بەردەستی پەرلەمانتاران.
سەرەتای مەڕاسیمەکە فوئاد ئەحمەد، بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان لە وتەیەکدا پلانی وەرزی تازەی سەنتەرەکەی خستەڕوو کە دروستکردنی چەند رێبەرێکی تایبەتە بەکاری پەرلەمانی کە ئەم سێ توێژینەوەیە سەرەتای کارەکانەو پلانیش هەیە چەند رێبەرێکی جیهانی تایبەت بەکاری پەرلەمانی وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی وەک ئاسانکاری بۆ پەرلەمانتاران. پاشان نوسەری توێژینەوەکان ناوەڕۆکی توێژینهوەکانیان وردتر بۆ پەرلەمانتاران خستەڕوو، پەرلەمانتارانیش دوای گفتوگۆ و بەخۆشحاڵییەوە توێژینەوەکانیان وەرگرت.
توێژینەوکانیش بریتی بوون لە (رێبهرى پەرلەمانتار بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسهکانى یاسادانان وچاودێری له پهڕلهمانى كوردستاندا) لە نووسینی راوێژکارانی یاسایی پەرلەمان د. خامۆش عومەر و دانا دارا، توێژینەوەی (چوارچێوەی كاری ئەندامی پەرلەمان لە یاسا بەركارەكان و پەیڕەوی ناوخۆدا)، لە نوسینی راوێژکاری یاسایی پەرلەمان هیوا حامد و توێژینەوەیەکی تر کە بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی چاپ و بڵاوبوویەوە بریتی بوو لە (مێژووی یاساکاری لەپەرلەمانی کوردستان) کە تیایدا سەجەم ئەو یاسایانە خراونەتەڕوو کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردوون لە ساڵی 1992 تا 2018 ئەم توێژینەوەیەش لە نوسینی بەرپرسی سەنتەرەکە فوئاد ئەحمەد بوو.