Skip to the content
Menu

به‌سه‌رپه‌رشتیی هێمن هه‌ورامی كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی فراكسیۆنه‌كان به‌ڕێوه‌چوو

به‌مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه‌ی كاروباری لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانى په‌رله‌مان و دابه‌شكردنی ئه‌ندامان به‌سه‌ر لیژنه‌كاندا، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2019/11/10، به‌سه‌رپه‌رشتیی هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی منی نبی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان و سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان، كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی فراكسیۆنه‌كان به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ئاماژه‌ی به‌گرنگی رێكخستنه‌وه‌ى كارى لیژنه‌كان له‌ به‌دواداچوون و تاووتوێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ی كه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌كان ده‌كرێن كردو تیشكی خسته‌سه‌ر سه‌رله‌نوێ رێكخستنه‌وه‌و دابه‌شكردنى كارى لیژنه‌كان و رایگه‌یاند: "دواى جیابوونه‌وه‌ى چه‌ند لیژنه‌یه‌ك له‌ یه‌كترى و زیادبوونی چوار لیژنه‌ى دیكه‌‌ بۆ سه‌ر لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان و دواى ده‌نگدان له‌سه‌ر ناوى ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامانی هه‌ر چوار لیژنه‌ نوێیه‌كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان رێكده‌خه‌ین بۆ رێكخستنه‌وه‌و دۆزینه‌وه‌ى شێوازو میكانیزمی كارى هه‌ر 19 لیژنه هه‌میشه‌ییه‌‌كه‌ی په‌رله‌مان".
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان لاریی نییه‌ له‌هه‌ر جۆره‌ رێككه‌وتن و سازانێك كه‌ له‌نێوان فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌ر كۆی گشتیی لیژنه‌كان بێته‌ ئاراوه‌"، داواشی له‌ فراكسیۆنه‌كان كرد په‌له‌ بكه‌ن له‌ ده‌ستنیشانكردنی ناوى ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامانی هه‌ر چوار لیژنه‌ نوێیه‌كه‌و به‌رزكردنه‌وه‌ى بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ی له‌دانیشتنێكی په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و لیژنه‌كان ده‌ستبه‌كار بن.
شایه‌نی باسه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى پێشووی فراكسیۆنه‌كان كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتیی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو به‌گوێره‌ی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن و رێككه‌وتنی فراكسیۆنه‌كان سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافی ئافره‌تان بۆ فراكسیۆنی پارتی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان بۆ فراكسیۆنی یه‌كێتی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ بۆ فراكسیۆنی گۆڕان و سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری په‌رله‌مان بۆ فراكسیۆنی یه‌كگرتوو یه‌كلاكرانه‌وه‌.