Skip to the content
Menu

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى ئه‌و وڵاته‌ كۆبووه‌وه‌

له‌درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ وڵاتی ئه‌ڵمانیا ئه‌مڕو پێنجشه‌مه‌ 2019/11/28، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌روكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌یاوه‌ریی دڵشاد بارزانی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاى فیدرالى له‌سه‌ر لیستی پارتی سۆسیال دیموكراته‌كانی ئه‌ڵمانیا كرد له‌وانه‌ دكتور نیلس شمید وته‌بێژی فه‌رمیی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌ فراكسیونی (SPD) له‌ناو په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاو په‌رله‌مانتار سیمتجێ مویله‌ر له‌ لیژنه‌ی به‌رگری و دكتور بێربل كوفله‌ر له‌ كۆمیته‌ی سیاسه‌تی مافی مروڤ و هاوكاری و كریستوڤ ماتچی جێگری وته‌بێژی سیاسه‌تی ده‌روه‌ی سۆسیال دیموكراته‌كان.

له‌ دیدارێكدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ڵمانیا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها باسی ره‌وشی ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كراو دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كانی كوردستان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی ئه‌م دیداره‌ بوو.

جێگری سه‌روكی په‌رله‌مان باسی ره‌وشی ئێستای عێراق و ناوچه‌كه‌ى بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی ئه‌ڵمانیا كردو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ داعش هێشتا به‌ته‌واوه‌تی كۆتاییان نه‌هاتووه‌ تائێستاش  مایه‌ى مه‌ترسیین بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆو گۆڕێنەوەی بیروڕا لەسەر دۆخی کوردستان و کاری لە پێشینەی پەرلەمانی کوردستان و قووڵترکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییه‌کانى په‌رله‌مانی كوردستان لەگەڵ پەرلەمانی ئەڵمانیاو گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە ئالوگۆڕ كرا.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا خۆشحاڵیی خۆیان به‌م سه‌ردانه‌ی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ئه‌ڵمانیا ده‌ربڕى و هیوایان خواست كه‌ ئه‌مجۆره‌ سه‌ردان و دیدارانه‌ به‌رده‌وامییان هه‌بێت.