Skip to the content
Menu

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ دوو لێكۆڵه‌ری نێوده‌وڵه‌تی بۆ كاروباری سیاسی و ئاسایش كرد

دوای نێوه‌ڕی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 4/11/2019، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوسینگه‌ی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ ماریا پێت كۆڤا و گه‌ڵپ ده‌لی هه‌ردوو لێكۆڵه‌ری نێوده‌وڵه‌تی بۆ كاروباری سیاسی و ئاسایش له‌ رێكخراوی (SWP) كرد.
له‌دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌وردی باسی له‌ دۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كردو ئاماژه‌ی به‌گرنگیی كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆككۆماری عێراق و سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌بڕیاره‌ سبه‌ی سێشه‌مه‌ 5/11/2019 له‌سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت بۆ گه‌نگه‌شه‌كردنی ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌ ئێستا له‌ عێراقدا ده‌گوزه‌رێ و هه‌روه‌ها یه‌كهه‌ڵویستی و یه‌كگرتوویی سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر دۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی.
سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق-یش، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ ده‌ستووری عێراقدا بكرێت نابێ ده‌ستكاریی مافه‌ ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان و قه‌واره‌ فیدڕالییه‌كه‌ی بكرێت".
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان دۆخی رۆژئاوای كوردستان و ئاواره‌بوونی خه‌ڵك و مه‌ترسییه‌كانی گۆرینی دیمۆگرافیی ناوچه‌كه‌و هه‌روه‌ها هه‌ڵویستی فه‌رمیی په‌رله‌مانی كوردستانى سه‌باره‌ت به‌ له‌شكركێشییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان خسته‌ڕوو كه‌ له‌دانیشتنی په‌رله‌ماندا به‌ 12 راسپارده‌ خرایه‌ڕوو.
لای خۆشیانه‌وه‌ شاندی لێكۆڵه‌ری نێوده‌وڵه‌تی بۆ كاروباری سیاسی و ئاسایش به‌گرنگییه‌وه‌ باسیان له‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان كردو راشیانگه‌یاند: "به‌نیازن كۆنفڕانسێك له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامبده‌ن له‌سه‌ر دۆخی سیاسی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌به‌شداریی پسپۆڕان وشاره‌زایانی بواری سیاسی و ئاسایش له‌ ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.