جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەشداری لە کۆنفرانسێکی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست کرد
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٩/١١/٢٠١٩ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسێکی زانکۆی ئەمریکی لە شاری دهۆک کرد لە ژێر ناونیشانی ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کۆنفرانسەکە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە کەسایەتی سیاسی ناوخۆ و دەرەوە و شارەزا و دپلۆمات وئەکادیمیست تێیدا بەشدار بوون ، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە و لە وۆڕکشۆپێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیشکی خستەسەرهاوکێشە سیاسیەکان و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و دەرهاوێشتەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان ، لەبەشێکیتری باسەکەیدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئەولەویەتی کارەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی خستەروو لە رووی یاسادانان و چاودێری و کاری لێژنەکانی پەرلەمان و یەك تیمی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لە نووسینەوەی دەستوورێک بۆ هەرێم و پرۆژەی چاکسازی حکومەت ، بەهێزکردنی پەیوەندییە دپلۆماسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانەکانی جیهان و سودوەرگرتن لە ئەزموونی کاری پەرلەمانی وڵاتانیتر تەوەرێکیتری باسەکانی بوو.
شایانی باسە کۆنفرانسی ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەلایەن زانکۆی ئەمریکی لە شاری دهۆک سازکراوەو ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت .