Skip to the content
Menu

سکرتێری پەرلەمانى كوردستان بەشداریی لە پانێڵێکی دیداری مێری کرد

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ چوارشه‌مه‌ ٦/١١/٢٠١٩، لە دووەم رۆژی دیداری مێری لە هەولێر کە تایبەت بوو بە رۆڵی ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا، منی نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە پانێڵێکی دیدارەکەدا بەشداریی کرد.
لەسەرەتای وتەکانی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەستخۆشیی لە رێکخەرانی دیدارەکە کرد کە بابەتێکی گرنگیان خستووەتە بەرنامەی کاری دیدارەکە ئەویش رۆڵ و پێگەی ئافرەتانە لەناو کایەکانی کۆمەڵگەدا، پاشان لەڕووی یاساییەوە سەرجەم ئەو یاساو بڕگە یاساییانەی خستەڕوو کە ماف بەئافرتان دەدەن بەشداریی سیاسی و ئیداری کارایان هەبێت، هاوکات هیوای خواست ئافرەتان زیاتر باوەڕیان بەتواناکانی خۆیان هەبێت و ئەرکیان بەهیچ شێوەیەک لەپیاوان کەمتر نییە، بەڵکو لە زۆر بواردا باشتر دەتوانن خزمەت بکەن و هیوای خواست ئافرەتان بگەنە ئاستێک کە پێویستییان بەسیسته‌می کۆتا نەبێت.
لەدرێژەی وتەکانیدا منی نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان باسی له‌ پێكهاته‌ی ده‌سته‌ی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کرد کە دوو ئافرەت لە دەستەی سەرۆکایەتیدان و لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا ٣ ئافرەت پۆستی وەزارییان هەیە، داواشی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرد کە لەدەستەکەیاندا رۆڵ بە ئافرەتان بدەن، هاوکات لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئافرەتان وەکو نوێنەر دابنێن، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان هانی ئافرەتانیدا کە لەناوخۆییاندا یەکگرتوو و هاوهەڵوێست بن لەئاست ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانیان و هەمیشە پشتیوانی یەکتربن، پاشان رووی وتەکانی لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن کردو داوایلێکردن جیاوازی لەنێوان ئافرەتان و پیاواندا نەکەن و وەکو یەک گرنگی بە ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانیان بدرێت.
لەکۆتاییشدا داوای لەرێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کرد کە کاری زیاتر بکەن بۆ هێنانەپێشەوەی ئافرەتان لەکایە جیاوازەکانی کۆمەڵگەو رۆڵی زیاتریان پێبدرێت.