شاندێكی لیژنەی پێشمەرگه سەردانی هێزه‌كانی یەکەی ٨٠ی کرد
سه‌عات١٠:٣۰ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشەمە ٤/١١/۲۰۱۹، شاندێكی لیژنەی پێشمەرگەو ناوخۆ‌و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان له په‌رله‌مانى كوردستان كه پێكهاتبوو له رێڤنگ هروری سەرۆکی لیژنەو عوسمان سێدهرى جێگری سەرۆکی لیژنەو ژماره‌یه‌ك له ئەندامان و راوێژکارانی لیژنەكه سەردانی هێزه‌كانی یەکەی ٨٠ی کرد‌و لەگەڵ نەجات عەلی بەرپرسی یەکەکەو لیواکانی سەربەیەکەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەكەدا زۆربەی بابەتەکانی تایبەت بە ژیان و گوزه‌رانی هێزەکانی پێشمەرگەو داواکاری و کێشەکانیی هێزەکانی پێشمەرگە گفتوگۆی له‌باره‌وه کرا.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس لە هەبوونی هەماهەنگی له‌نێوان هەردوولادا کرا بۆ هەوڵدان بۆ یەکخستنەوەی یەکەکانی٧٠ و ٨٠ لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە چاکسازییەکان و هەبوونی شەفافییەت کرا لەناو هێزەکاندا و تیشکیان خستەسەر ئەم چەندەی کە کاری سەرەکییان خزمەتی هێزەکانی پێشمەرگە بێت دوور لەئینتیمای حزبی.